رۆژنامه‌ی تایمز : چه‌كی كیمیایی له سوریا به‌كارهاتووه

سوریا - KDP.info /رۆژنامه‌ی تایمز-ی به‌ریتانیا ئاشكرایكرد: کە ئه‌و خۆڵه‌ی كه له ناوچه‌یه‌كی نزیك دیمه‌شق به‌نهێنی بۆ به‌ریتانیا گواستراوه‌ته‌وه، ده‌یسه‌لمێنێت جۆرێك له چه‌كی كیمیایی له سوریا به‌كارهاتووه. رۆژنامه‌کە له‌زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگریی وڵاته‌كه‌ی بڵاویكرده‌وه: زانایانی سوپای به‌ریتانیا به‌ڵگه‌ی پزیشكیی و شه‌رعیان له‌سه‌ر به‌كارهێنانی جۆرێك له جۆره‌كانی چه‌كی كیمیاوی له شه‌ڕی سوریادا ده‌ستكه‌وتووه و ئه‌و خۆڵه‌ی خراوه‌ته ژێر توێژینه‌وه و تاقیكردنه‌وه، به نهێنی بردراوه بۆ تاقیگه‌كانی به‌شی توێژینه‌وه‌ی كیمیایی و بایۆلۆجیی سه‌ربه وه‌زاره‌تی به‌رگریی به‌ریتانیا، بەڵام نه‌توانراوه بزانرێت ئه‌و جۆره چه‌كه كیمیاییه له لایه‌ن حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د یان چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن به‌كارهاتووه، تەنها پێشبینی ده‌كرێت دوای ساغبوونه‌وه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی ، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ناچار بێت، رێوشوێن و سزای توندتر به‌سه‌ر رژێمی سوریادا بسه‌پێنێت.




