٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

باسكێن ئۆراڵ: ئەگەر هیواكان بشكێن، کارەسات روو دەدات

سەرچاوە: KDP.info

ئەزمیر- KDP.info/ رۆژی هەینی پروفسور دكتۆر باسكێن ئۆراڵ لە شاری ئەزمیری توركیا لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و هیواكانی كۆمەڵانی توركیا بە ئاشتی و  ئاشتەوایی كردووە.

بە پێ هەواڵێكی ئاژانسی دیاربەكر خەبەر، باسكێن ئۆراڵ لە سەرەتای وتەكانی خۆیدا گوتوویەتی: زیاتر لە سی ساڵە توركیا لە رووی ئاشتی و ئارامییەوە یەك رۆژی خۆشی بە خۆیەوە نەبینیوە و هەر رۆژ هاووڵاتییەكی توركیا بە هۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە گیانی لە دەستداوە.

باسكێن ئۆراڵ سەبارەت بە گیان لە دەستدانی هاووڵاتیانی توركیا لە ماوەی ئەم سی ساڵەدا گوتوویەتی:  ئەگەر ئەندامی پەكەكە بووبێت یا خۆ ئەندامی سوپا بووبێت لە ئەنجامدا هەر دووكیان هاووڵاتی ئەم وڵاتەن و دایك و باوكیان لەم وڵاتەن، هەر بۆیە ئەگەر لە هەر دوو لا یەكێك گیانی لە دەستدابێت ئەوا بووەتە هۆكاری نا ئارامی و ناخۆشی لە توركیادا.

ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە دوای سی ساڵ ئەمە یەكەمجارە كە حكوومەتی توركیا بە جدی هەوڵی بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد داوە و هەر بۆیە رای گشتی توركیاش هیوایەكی یەكجار گەشی بەم هەوڵدانانەی حكوومەت و لایەنی كوردی هەیە، هەر بۆیە پێویستە هەر دوولا زۆر ئاگادار بن و كارێك نەكەن كە ببێتە هۆكاری شكاندن و بە باچوونی هیواكانی رای گشتی توركیا چونكە ئەگەر ئەمجارەش هیواكان بشكێن و بە بابچن ئەوا کارەساتێكی یەكجار گەورە روو لە توركیا دەكات و هیچ كەس ناتوانێت خۆی لێ رزگار بكات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار