كۆمەڵكوژییەكی دیكەی جەهەپە ئاشكرا كرا

توركیا - KDP.info/ لە كاتی سیستەمی یەك پارتیی لە توركیا، پارتی كۆماری گەل جەهەپە كۆماری توركیای بەرێوەدەبرد، لە سەردەمی دەسەڵاتی جەهەپەدا بێجگە لە كۆمەڵكوژییەكەی دۆڵی زیلان، كۆمەڵكوژییەكی دیكەیش روویداوە، كە تا ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە.
بە پێی هەواڵێكی (دونیا بوولتەنی) بەرپرسیاری كۆمەڵكوژییەكەی دۆڵی زیلان ژەنراڵ مستەفا مەغوولالییە، 10 ساڵ دوای ئەنجامدانی كۆمەڵكوژییەكی دۆڵی زیلان كە بە كۆمەڵكوژی 33 گوللە ناسراوە، لە لایەن بەرپرسانی ئەو كاتەی كۆماری توركیاوە بە مەبەستی پێشگرتن لە هاتوچۆی كاسبكارەكانی شاری وان بۆ ئێران، رەوانەی ناوچەی ئوزاڵپی سەر بە شاری وان كراوە.
مستەفا مەغوولالی كاتێك كە دەچێتە ناوچەی ئوزاڵپ بۆ ماوەیەك لەوێ دەمێنێتەوە و ناتوانێت هیچ كەس لە كاتی هاتوچۆ كردندا دەستگیر بكات بۆیە هێرش دەكاتە سەر یەكێك لە گوندەكانی ناوچەكە و 50 پیاوی ئەو ناوچەیە بە تاوانی هاتن و چوون بۆ ئێران و قاچاخچیەتی لە نێوان شاری وان و ئێراندا دەستگیر دەكات و دواتر هەر هەموویان گوللەباران دەكات.
مستەفا مەغولالی لە رێکكەوتی 30 پۆشپەڕی ساڵی 1944دا ئەم 50 هاووڵاتییە كوردەی بە بێ لێپرسینەوە دایە بەرگوللە و تا ئێستاش كە 70 ساڵ بە سەر ئەم كۆمەڵكوژییەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتاكە هەر بە نهێنی ماوەتەوە و كەس داوای مافی ئەو 50 هاووڵاتییە كوردەی نەكردووە.




