قاسم ساڵح: رۆژ بەرۆژ خۆپیشاندان لە موسڵ فراوانتر دەبێت

موسڵ-تایبەت بەKDP.info/ قاسم ساڵح سەرۆکی لیستی برایەتی نەینەوا لە پارێزگای موسڵ بەkdp.infoراگەیاند: خۆپێشاندان لەپارێزگای موسڵ بەردەوامەو تا ئێستاش ھیچ داواکارییەکی خۆپێشاندەران جێبەجێنەکراوە، تەنھا ژمارەیەکی کەمی گیراوەکان ئازاد کراون.
قاسم ساڵح گوتیشی: رۆژ بەرۆژ خۆپیشاندان لەپارێزگای موسڵ فراوانتر دەبێت، بە تایبەت دوای ئەوەی کە ھەڵبژاردن لە پارێزگای موسڵ دواخرا بێ ئەوەی ھیچ ھۆکارێکی ھەبێت.
سەرۆکی لیستی برایەتی نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگاری موسڵ ئەسیل نوجەیفی لەدژی دواخستنی ھەڵبژاردن لەپارێزگای موسڵ سکاڵا لەدادگای فیدراڵی تۆمار دەکات.
ناوبرا لەدرێژەی لێدوانەکیدا گوتیشی: ماوەی 20رۆژە بڕیارێکیان وەک ئەنجوومەنی پارێزگا دەرکردووە، بۆئەوەی سوپای عێراق بکشێتەوە دەرەوەی پارێزگای موسڵ ، بەڵام تاوەکو ئێستا لەناوسەنتەری شاردایە و نەکشاونەتەوە.
ماوەی چەند مانگێکە لە پارێزگای موسڵ خۆپیشاندان لەدژی حکوومەتی عێراق ئەنجامدەدرێت، تاوەکو ئێستاش حکوومەت ھیچ وهڵامێکی بۆ خۆپیشاندەران نەبووە و ماوەیەک پێش ئێستاش بەبیانوی نالەباری رەوشی ئەمنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ھەردوو پارێزگای موسڵ و ئەنبار دواخست، ئەمەش نارەزایەتییەکی زۆری لە لایەن خەڵکی ئەم دوو پارێزگایە لێکەوتەوە.




