بۆ یەكەمینجار لە توركیا زانكۆیەكی كوردی دادەمەزرێت

دیاربەكر- KDP.info/ ناوەندی وەقفی مزیۆپۆتامیا ئەمرۆ رایگەیاند كە وردەكارییەكانی دامەزراندنی ئەم وەفقە تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبن و لە كۆتایی ئەم مانگەوە وەقفی ناوبراو بە رەسمی دەست بەكار دەبێت.
بە پێ هەواڵێكی ئاژانسی دیاربەكر خەبەر، سەرۆكی وەقفی مزیۆپۆتامیا سەلیم ئولچەر ئاماژەی بەوە كردووە كە كاروباری تایبەت بە دامەزراندنی ئەم وەقفە لە كۆتایی ئەم مانگەدا بە كۆتا دەبن و ئەم وەقفە هەڵ دەستێت بە دامەزراندنی یەكەمین زانكۆی كوردی لە شاری دیاربەكر.
سەرۆكی وەقفی ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە لە بەرنامەیاندایە كە دوای كۆتایی هاتن بە كاروباری دامەزراندنی ئەم وەقفە دەستەی دامەزرێنەر بە مەبەستی دامەزراندنی یەكەمین زانكۆی كوردی لە دیاربەكر سەردانی دەزگای باڵای پەروەردە ( یوك) بكەن و داواكاری خۆیان بۆ دامەزراندنی ئەم زانكۆیە پێشكەش بكەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە زمانی پەورەردە لەم زانكۆیەدا تەنیا زمانی كوردییە، بەڵام لە داهاتوودا بەشەكانی زمانی ئینگلیزی، ئەرمەنی و سریانیش دەكاتەوە.




