٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دووەمین رۆژی دیدارو كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا

سەرچاوە: KDP.info

لە دووەمین رۆژی دیدارو كۆبوونەوەكانیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە بەڕێزان د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ سیناتۆرو بەرپرسانی سیاسی و كۆمپانیاو وەبەرهێنەرو رۆژنامەنووسان سازكرد.

لە دوو كۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ بەڕێز جیم جۆنز راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكاو ئەندامانی ئەنجومەنی ناوبراو شاندی هەرێمی كوردستان تیشكیان خستە سەر رەوشی هەرێمی كوردستان دوای 10 ساڵ لە ئازادبوونی عیراق، لەم رووەوە باسیان لەو دەستكەوت و پێشكەوتنانە كرد كە هەرێمی كوردستان بەخۆیەوەی بینیوە لەو ماوەیەدا، هاوكات تیشكیان خستە سەر جیاوازی پێشووەچوونەكان لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراق لەڕووی بونیاتنان و ئاوەدانكردنەوەو ئارامی و سەقامگیری.

هەروا باس لە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان كرا لەمەڕ پرسە هەنووكەییەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی لە عێراق، لەم رووەوە پابەندبوونی هەرێمی كوردستانیان لە دەستوورو دیالۆگ و رێكەوتنەكان دووپاتكردەوە.

د. فوئاد حوسێن پوختەیەكی لەسەر ئەو دەسكەوتانە خستەڕوو كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەدەست هاتوون لە رووی بە دامەزراوەیی كردنی دەزگاكان و زیاتر چەسپاندنی دیموكراسی و كرانەوەی زیاتر بە رووی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەستەبەر كردنی ئازادیەكان و رێزگرتن لە تەواوی پێكهاتەنی گەلی كوردستان.

لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریكا هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی ئەنجومەنی بازرگانی خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی شاندی هەرێم دووپاتكردەوە كە توانیان لە نزیكەوە گوێبیستی دوایین پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكەو هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بن لەمەڕ پرسەكان. هاوكات هیوایان خواست كە بتوانن رۆلی زیاتر ببینن لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێم و بەشداری زیاتری كۆمپانیاكان. هەروا ئاماژەیان بەوەدا كە ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریكی هەرێمی كوردستان خۆی بە دۆستی گەلی كوردستان دەزانێت و پشتگیری هەوڵەكانی دەكات بۆ پێشخستنی زیاتری هەرێمی كوردستان.

هەمان رۆژ و لە چوارچێوەی سەردانەكەیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا شاندی هەرێمی كوردستان لە دوو دیداری جیادا لە گەڵ دەستەی نووسەرانی واشنتۆن پۆست و پەیامنێری وۆڵ ستریت جۆڕناڵ بە دوور و درێژی باسیان لە رەوشی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان كرد لەمەڕ پرسەكان. د. فوئاد حوسێن و شاندی یاوەری وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانەیان دایەوە كە پەیوەست بوون بە رەوشی هەرێمی كوردستان و قەیرانی سیاسی عێراق و ئاستی پەیوەندییەكان لە گەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەت كۆماری توركیا و بارودۆخی ئاڵۆزی سوریا و رەوشی پەنابەرانی سوریا لە هەرێم.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بە روونی تیشكی خستە سەر هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و گوتی ئێە دەخوازین عێراق لەم قەیرانە دەرباز بێت، بێگومان پابەندبوون بە دەستوور و دووركەوتنەوە لە حوكمی تاكڕەوی و رێزگرتن لە هەموو پێكهاتەكانی عێراق و هاوبەشی كردنی راستەقینە لە دەسەڵات دەبێتە مایەی چارەسەری تەواو بۆ هەموو پرسەكان.

هەمان رۆژ لە دیدارێكی نێوان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بە دوواداچوون لە گەڵ مایكل دیلانی یاریدەدەری نوێنەری بازرگانی حكوومەتی ئەمەریكا بۆ باشووری ئاسیا و عێراق باس لە چەند پرسێكی پەیوەست بە بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان هەردوولا كرا. مایكل دیلانی باسی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان ئەو رەوشە لەبارە كرد كە هەرێمی كوردستان بۆخۆی مسۆگەری كردووە، لەم رووەوە ستایشی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كرد لە پێناو دروستكردنی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو.

هاوكات شاندی حكوومەتی هەرێم سوپاسی بەڕێز دیلانیان كرد بۆ ئەو دەرفەتە و گوێگرتن لە تێڕوانین و بۆچوونی حكوومەتی هەرێم بۆ چۆنیەتی پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا ئەویش لە رێگەی سازكردنی كۆڕبەندی ئابووری و گردبوونەوەی وەبەرهێنەران. هاوكات ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە هەرێمی كوردستان دەخوازێ‌ پەیوەندیەكانی لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتوری و زانستی لەگەڵ دامەزراوەكانی ئەمەریكا پەرە پێبدات.

دواتر هەردوو بەڕێزان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەت و قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدوواداچوون كۆبوونەوەیەكیان لە گەڵ ستافی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لە ئەمەریكا سازكرد. لە كۆبوونەوەكەدا شاندی حكوومەت دەستخۆشیان لە ستافی نوێنەرایەتی كرد كە تا ئێستا سەركەوتووانە بە ئەركی خۆیان هەڵساون، هاوكات جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە نوێنەرایەتی حكوومەت نوێنەری تەواوی خەڵكی كوردستانە و كاردەكات بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكان لە گەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و ناساندن و بەرز راگرتنی ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلەكەماندا هاتووە و لە گەڵ بایەخدانی تەواو بە رەوەندی كوردستانی.

 

هەمان رۆژ شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سیناتۆری كۆماری رۆجەر ویكەر لە ویلایەتی میسیسپی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا د. فوئاد حوسێن باسی لە هەلچوێستی هەرێمی كوردستان كرد لەمەڕ پرس و قەیرانەكانی عیراق و ناوچەكەو رەوشی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بەردەوام بۆ زیاتر كرانەوەو گەشەپێدانی هەرێم.
بەڕێزیان باسی  ئەو پێشووەچوونانەی كرد كە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو بەخۆیەوەی بینیوە. سەبارەت بە قەیرانی عێراق بەڕێزیان گوتی ئێمە ترسی دووبارەبوونەوەی حوكمی تاكرشەویمان هەیە لە عێراق و هەڵوێست و بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ لەبەرامبەر پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و لە سەرتاسەری وڵات ئاماژەیەكی روونە كە حكوومەتی ئێستەی فیدڕاڵ دژی خواستەكانی گەلانی عێراق هەنگاو هەلدێنێ‌ و بەرەو تاكڕەوی مل دەنێ‌.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم داوای كرد سەنات و ئیدارەی ئەمەریكا رۆلی خۆیان ببینن لەچارەسەر كردنی قەیرانی سیاسی عێراق و هیوای خواست سیناتۆر رۆجەر ویكەر ببێتە ئەندامی گروپی دۆستایەتی گەلی كوردستان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا. 

سیناتۆر رۆجەر ویكەر خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو دیدارە دووپاتكردەوەو ستایشی ئەو پێشكەوتنانەی كرد كە لە هەرێمی كوردستان بەدەست هاتوون، هەروا گوتی من پشتگیری لە هەموو خواست و بۆچوونێكی ئێوە دەكەم لە پێناو زیاتر چەسپاندنی دیموكراسی لە ناوچەكە و چارەسەركردنی پرس و قەیرانەكان لە سەر بنەمای دەستوور و لە رێگەی دیالۆگ.

پاشان لەلایەن بەڕێز دانیال یەرگین لە دامەزراوەی كامبریج بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری ووزە ئێوارە خوانێكی سازكرد. لەم دەرفەتەدا كە ژمارەیەكی زۆری سیاسەتوان و بەرپرسی باڵا لە بواری وزە ئامادەبوون بەڕێز ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان باسی رەهەندەكانی كەرتی وزەی كرد لە هەرێمی كوردستان، بەڕێزیان باسی سیاسەتی نەوتی هەرێم كرد لە چوارچێوەی ئەو مافانەی دەستوور دیاری كردووە. هەروا گووتی دەبێ‌ ئەم سامانە نیشتمانیە بۆ سوودو بەرژەوەندی تەواوی گەلانی عیراق بێت و بە باشترین شێوە سوودی لێ‌ ببینرێت. لە كۆتاییشدا وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانەی دایەوە كە پەیوەست بوون بە شیوازی كاری حكومەتی هەرێم لە بواری نەوت.

هەواڵی پەیوەندیدار