گروپی دۆق شارتەر بەمنزیکانە بەرھەمێکی نوێ بەناوی سیلاھۆن بڵاو دەکاتەوە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ گرووپی دۆق شارتەر بۆ ھونەری منداڵان کلیپی (سیلاھۆن) کە بەرھەمێکی زۆر تایبەتە لە چوار مەقامە سەرەکییەکەی کوردی ئەویش (حەیران و لاوک و ھۆرە و سیاچەمانە) پێکدێت کە لەلایەن چوار بەھرەمەندی چوار ناوچەی جیاوازی کوردستان گوتراوە,حەیران لەلایەن ھێدی ھێمن سارمەمی لە ھەولێر و لاوک لەلایەن زێرەڤان جاسم ھەرکی لە بادینان و ھۆرە لەلایەن محەمەد کەلاری لە گەرمیان و سیاچەمانە لەلایەن رەیان ھەورامی لە ھەورامان گوتراوە.
لەمبارەیەوە شێرزاد رەسول فەقێسەرپەرشتیاری بەرھەمی سیلاھۆن بەkdp.infoرایگەیاند: مەبەست لەو بەرھەمە زیاتر گرینگیدانە بە ھونەری رەسەنی کوردی بۆ نەوەی نوێ, چونکە ئێمە ھەست بە لە بیرچوونەوەی ئەو ھونەرە رەسەنانەی کوردی دەکەین.
شێرزاد رەسوڵ فەقێ گوتیشی: سیلاھۆن بەشێوەی گەڕۆک کلیپ کراوە، کاری دەنگ و ریکۆردی سرووشت و میکس لەلایەن توانای خاڵە حەمرین تۆمارکراوە، بە کامیرای ئیبراھیم کەلھوڕی وێنەی گیراوە، کاری رووناکی لەلایەن مەحموود ئەحمەد و لە مۆنتاژی رێباز رواندزی، لەڕووی ھونەرییەوە عەبدولوەھاب شوانی کارەکانی بەڕێوە بردووە، ھەروەھا چەندین ھونەرمەند و نووسەر و شارەزا و کەسایەتی دەشتی ھەولێر و بادینان و گەرمیان و ھەورامان راوێژیان پێکراوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، تێکستی ئەم چوار تراکەی سیلاھۆن لە فۆلکلۆر وەرگیراوەو لە بیرۆکە و دەرھێنانی ھۆگر ئەحمەدە و لە داھاتوویەکی نزیکدا دەکرێتە دیاری سەرجەم کەناڵە لۆکاڵی HDو ئاسمانییەکانی کوردستان بڵاو دەبێتەوە.




