ئەحمەدی نەژاد: كەس بۆی نییە بەرنامەی ئەتومی ئێران رابگرێت

تاران- KDP.info/ رۆژی سێ شەممە سەرۆك كۆماری ئێران مەحموود ئەحمەدی نەژاد لە مەراسمی رۆژی نەتەوەیی وەبەرهێنانی ناوەكی ئێراندا كە لە دەزگای ئەتومی ئێران رێكخرابوو وتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: ئێران بووەتە هێزێكی ئەتومی و بۆ هیچ كەس نییە كە پێشی لە ئێران بگرێت.
بە پێ هەواڵێكی ئاژانسی ئیرنای ئێرانی ئەحمەدی نەژاد لەم مەراسیمەدا رەخنەی توندی ئاراستەی ئەو كەسانە كردووە كە ئیدیعای بەرێوەبەرایەتی جیهان دەكەن و گوتوویەتی: ناكرێت چوار كەس لە دەوری یەكتر كۆ ببنەوە و بڵێن ئێمە جیهان بەرێوە دەبەین و ئێمە خاوەنی جیهانین و ئەوانی دیكەیش كرێكاری ئێمەن. ئێوە كین و كێ مافێكی بەمجۆرەی بە ئێوە داوە؟
سەرۆك كۆماری ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە سەردەمی كۆیلایەتی تێپەڕیوە و هەر كەس لە ئیدارە كردنی جیهاندا خاوەن مافی یەكسانە.
سەرۆك كۆماری ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتومی ئێرانیش باسی ئەوەی كردووە كە لەمێژە ئێران بووەتە هێزێكی ئەتومی و هیچ كەسیش بۆی نییە كە داوای راگرتنی بەرنامەی ئەتومی ئێران بكات.




