٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

جەهەپەیش وەفدێكی په‌رلەمانتارەكانی خۆی دەنێرێتە شارە كوردییەكان

سەرچاوە: KDP.info

ئەستەنبووڵ- KDP.info/ لە چوارچێوەی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد لە توركیادا و دوابەدوای ناردنی وەفدێكی په‌رلەمانتارانی ئاكەپە بۆ شارە كوردییەكانی كوردستانی باكوور، رۆژی سێ شەممە پارتی كۆماری گەل جەهەپەیش رایگەیاند كە وەفدێكی 11 كەسی لە په‌رلەمانتارەكانی خۆی دەنێرێتە شارە كوردییەكانی كوردستانی باكوور.

بە پێ هەواڵێكی ماڵپەڕی سون خەبەری توركی، رۆژی سێ شەممە سەرۆكی جەهەپە كەمال قڵیجدارئوغڵۆ لە كۆبوونەوەی گرووپی پارتەكەی خۆی لە په‌رلەمانی توركیادا رایگەیاندووە كە بە مەبەستی نیشاندانی ویست و داواكاری جەهەپە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد، جەهەپەیش بریاری داوە وەفدێكی 11 كەسی لە په‌رلەمانتارەكانی خۆی بە سەرۆكایەتی جێگری سكرێتری گشتی جەهەپە سەزگین تارنی قۆلۆ بنێرێتە شارە كوردییەكان.

ئارمانج لە سەردانی ئەم وەفدەی په‌رلەمانتارەكانی جەهەپە بۆ شارە كوردییەكان، پشتگیری كردن لە قۆناخی چارەسەری پرسی كوردە و بریارە ئەم وەفدە لە شارەكانی دیاربەكر، ماردین، سێرت، عورفا و چەندین شاری دیكەی كوردستانی باكووردا لەگەڵ خەڵك كۆ ببنەوە.

ئەم سەردانە كە بە دروشمەی " جەهەپە ئاشتی دەوێ" بۆ ماوەی 5 رۆژ بەردەوام دەبێت .

جێگای ئاماژەی پێكردنە كە سەرەتای ئەم حەفتەیەیش وەفدێكی 45 كەسی لە په‌رلەمانتارەكانی ئاكەپە سەردانی چەندین شاری باكووری كوردستانیان كردبوو و سەبارەت بە قۆناخی چارەسەری لەگەڵ خەڵكدا كۆ ببوونەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار