دەوڵەت باخچەلی: لە توركیا هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی دەدرێت

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆكی پارتی رەگەزپەرەستانی توركیا (مەهەپە) دەوڵەت باخچەلی لە كۆبوونەوەی گرووپی پارتەكەی خۆی لە پارلەمانی توركیادا باسی قۆناخی چارەسەری پرسی كوردی كرد و گوتی: حكوومەتی ئاكەپە و پەكەكە دەستیان خستووەتە نێو دەستی یەكتر و هەوڵ بۆ ئامادە كردنی بەشی باكووری دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی لە توركیا دەدەن.
بە پێ هەواڵێكی رۆژنامەی وەتەنی توركی سەرۆكی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی سەبارەت بە قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و هەوڵدانەكانی حكوومەت بۆ ئەم مەبەستە رەخنەی توندی ئاراستەی حكوومەت و سەرۆك وەزیری توركیا كردووە و وتوویەتی: سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان ئەگەر بە راستی دەیەوێ خزمەتی توركیا و گەلی تورك بكات ئەی بۆ چی ناوەرۆكی چاوپێكەوتنەكانی خۆی لەگەڵ ئوجەلان و پەكەكەدا دەشارێتەوە و نایەوێ رای گشتی توركیا لە ناوەرۆكی ئەم دانووستاندنانە ئاگادار بێت؟
باخچەلی جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە رەجەب تەییب ئەردۆغان لەگەڵ پەكەكەدا پێكهاتووە و پێكەوە هەوڵ بۆ خۆش كردنی دەرفەت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی دەدەن و هەر بۆیە پێكەوە كار بۆ ئەوە دەكەن تا لە باكوورەوە ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بكەن.




