بێسارانی كۆتایی بە گەشتە موزیكییەكەی هێنا

هەولێر– تایبەت بە KDP.info/ زریكەی كۆچ گەشتێكی موزیكی گروپی مۆسیقای بێسارانی بوو لە چەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستان بەرێوەچوو، دوایین وێستگەی گەشتەكەش لە هەولێری پایتەخت بوو.
ئەم كۆنسێرتە بە سپۆنسەری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، دوای بەرێوەچوونی لە سلێمانی، سۆران و كەلار، رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە هەولێری پایتەخت بەرێوەچوو.
كۆنسێرتەكەی هەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسان و رۆشنبیران و هونەرمەندان و میدیاكاران و هەوادارانی هونەری موزیك و گۆرانی، لە هۆڵی میدیا بەلاێوەچوو و پێشوازیەكی بەرچاوی لێكرا.
زریكەی كۆچ گەشتێكی هونەری گروپی مۆسیقای بێسارانی بوو، لە یادی 25 ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا پێشكەش كرا.
ئەم گەشتە هونەرییە كاركردێكی موزیكییە لەسەر دەقی (رەنگدان)ـی شاعیر شێركۆ بێكەس، (رەنگدان) دەقێكی بەرزی شیعری كوردییە و رۆچونە بەناو چەند وێستگەیەكی مێژویی شاعیر و نەتەوەی كوردا، لەرێگەی تێڕوانینە خودییەكانی "شێركۆ"وە بۆ رەنگ و مەوداكانی بینین.
شیعری "رەنگدان" ئازارەكانی ئەنفال تەمورە دەهێنێتە ژەنین و رەزمەكانی دەف رەنگە لم لێنیشتوەكانی سەحرا دەهێنێتەوە خرۆش و پێكەوە گۆرانییەك دەڵێن بۆ مانەوە، مانەوەی نەتەوەیەك كەخستیانە ناو ئاگرەكەی ئیبراهیمەوە، مقاوەمەت و رۆحییەتی رەسەنی مرۆڤانەی ئاگرەكەی سارد و سەلامەت كرد.
گروپی بێسارانی ساڵی 2005 دامەزراوە، زیاتر لە 10 كۆنسێرتیان لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان سازكردوە، بۆ ئەم كارەیان جگە لە ژەنیارانی هەرێمی كوردستان، چەند ژەنیارێك لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەشداری پێكرد.
كامەران حەسەن كاری ئاوازدانان و دابەشكردن و سەرپەرشتی گروپەكەی لە ئەستۆ بوو و شیعرەكان لە لایەن هەماوەند لهۆنییەوە خوێندران.
بە وتەی سەرۆكی گروپەكە، لە بەرنامەیان دایە هەمان كۆنسێرت لە كاتێكی دیكەدا وەك كۆنسێرتێكی تایبەت بۆ كەسانێكی دیاریكراو، ساز بكەن. گوتیشی : پرۆژەی كاری هونەری دیكەشیان دەبێت.
گروپی بێسارانی تا ئێستا ئەم كۆنسێرتانەیانە پێشكەش كردووە، كۆنسێرتی "زایەڵەی تەمورە" لە ساڵی 2008 لە هەولێر و وهەڵەبجە، كۆنسێرتێكی موزیكی لە ساڵی 2009 لە هەولێر، بەشداریكردن لە فیستیڤاڵی كلتوری فاس لە وڵاتی مەغریب لە ساڵی 2009، لە ساڵی 2010 دوو كۆنسێرتی جیاوازی بە ناوەكانی "نەوای تەمورە" و "ئەم ماَلە چۆڵە" لە هەولێر پێشكەش كردووە، لە ساڵی 2012 لە فیستیڤاڵی نەورۆز لە شاری كاركۆف لە پۆلۆنیا بەشداربووە، ئەلبوومی "رێگای مەستان"ـی بەم زووانە بڵاو دەكاتەوە.




