جاشەكانیش داوای ئاشتەوایی دەكەن

کوردستانی باکور- ماردین- KDP.info / دوای دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و دانوستانەكانی نێوان ئۆجەلان و بەرپرسانی دەوڵەتی توركیا، پاسەوانەکانی گوندەكانیش (جاشەكان)، داوای ئەوە دەكەن كە دەوڵەتی توركیا هەوڵ بۆ ئاشتەوایی لە نێوان پەكەكە و ئەوانیشدا بدات.
بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی خەبەری كوردی گوندپارێزەكانی ناوچەی نوسێبین و ماردین لە بنارەكانی چیای باگوك بیروڕای خۆیانیان سەبارەت بە قۆناغی چارەسەریی دیار كردووە و ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەم قۆناغە قۆناغێكی زۆر گرنگ و مێژووییە و بۆیە پێویستە پەكەكە و توركیا سوود لەم قۆناغە وەربگرن و كۆتایی بە توندوتیژی بهێنن.
پارێزوانانی گوند سەبارەت بە پاشەرۆژی خۆیانیش دڵگرانیان دەربڕیوە و گوتوویانە: ئێمە لە بەرامبەر پاشە رۆژی خۆمان ترس و گومانمان هەیە، چونكە ئەگەری ئەوە هەیە كە پەكەكە و یا كەسوكاری ئەندامانی پەكەكە هەوڵ بۆ تۆڵە سەندنەوە لە ئێمە بدەن.
هەروەها گوتیانە: پەكەكە و دەوڵەت خەریكە لە یەك نزیك دەبنەوە و ئێمە بۆ دەوڵەت لە دژی پەكەكە شەڕمان كردووە، بۆیە ئەگەر پەكەكە و دەوڵەت پێكبێن، ئەوا بارودۆخی ئێمە ئاڵۆز دەبێت، بۆیە پێویستە دەوڵەتی توركیا هەوڵ بۆ پێكهێنان و لە یەكتر نزیك كردنەوەی ئێمە لە گەڵ پەكەكەدا بدات.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە بە پێی ئامارە رەسمییەكان لە كوردستانی باکوردا لەم سی ساڵەی دواییدا زیاتر لە 70 هەزار كورد وەكو جاشی پارێزەری گوند چەكی دەوڵەتی هەڵگرتووە و لە دژی پەكەكە شەڕیان كردووە.




