یەکێتی: پشتیوانی لە بڕیاری سەرۆكی هەرێم سەبارەت بە ناردنی نامە بۆ هاوپەیمانی نیشتمانی دەکەین

هەولێر - تایبەت بە KDP.info/ ئەمڕۆ دووشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست KDP.info کەوتوون لەوكۆبوونەوە پشتیوانی لەو بڕیارەكرد کراوە كە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم لە گەڵ لایەنە كوردستانییەكان وەرگیراوە، سەبارەت بە ناردنی نامەی لایەنە كوردستانییەكان بۆ هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق، هەروەها لەم کۆبوونەوە ئاساییەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەكان و ئیستحقاقاتەكانی یەکێتی لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان تاوتوێ كراوە.
لە سەرچاوەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاتووە: لەم کۆبوونەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتی کۆسرەت رەسول جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتی لە هەولێر بەسترا، تەوەرێكی کۆبوونەوەکە باسی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لەلایەك و هەروا ئەو دیدارانەی وەفدی هاوبەشی هەردوو لا لە گەڵ هەر یەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام درا، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا. لەو بارەوە تەئكیدیان لەسەر ئەوشێوازە دۆستانەیە كردۆتەوە بۆ هەوڵدان بۆ دروستكردنی سازان سەبارەت بە مەسەلە گرنگەكان.
وەکو سەرچاوەکە ئاماژەی پێکردووە لە تەوەرێكی دیكەدا بارودۆخی عێراق بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و بەغدا بە تایبەتی گفتوگۆی لەبارەوە كرا و بەدواداچوونیش بۆ كۆبوونەوەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی فراكسیۆنەكانی كوردستان لە بەغدا كرا، كە دواترینیان كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بوو. لەوبارەوە مەكتەبی سیاسی پشتیوانی لەو بڕیارەكرد كە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان وەرگیراوە سەبارەت بە ناردنی نامەی لایەنە كوردستانییەكان بۆ هاوپەیمانی نیشتمانی.




