ئەندامێکی لیژنەی یاسایی: دانانی چەند کەسێک لەشوێنی وەزیرە کوردەکان بەوەکالەت نایاساییە

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ نوری مالیکی بڕیاری داوە چەند کەسێک لەشوێنی وەزیرە کوردەکان بەوەکالەت دابنێت، لەبەرامبەردا ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەمە کارێکی نایاساییە، چونکە تا ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوی ناوخۆی نییە و دیار نییە مالیکی بە چ شێوەیەک ئەم کارە دەکات .
ئازاد ئەبوبەکر ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق بەkdp.infoراگەیاند: دانانی چەند کەسێک لەشوێنی وەزیرە کوردەکان بە وەکالەت نایاساییە، چونکە تا ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوی ناوخۆی نییە و دیار نییە نوری مالیکی چۆن ئەم کارە دەکات و وەزارەتەکان بە وەکالەت لەلایەن چەند کەسێک بەویستی خۆی بەڕێوەدەبردێت و خۆیشی چەند وەزارەتێک بە وەکالەت بەڕێوەدەبات.
ئازاد ئەبوبەکر گوتیشی: تائێستا ھیچ یاسایەک نییە بۆ دیاریکردنی شێوازی وەکالەت، کە کێ ئەو مافەی ھەیە و کاتەکهی چەنده، بۆیە بەم شێوەی ئێستا کە مالیکی دەیکات نایاساییە، ھەر چەندە پێشتر باس لەوەدەکرا یاسایەک دەربکرێت بۆ ئەم مەبەستە ، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ یاسایەک نییە.
ناوبراو رونیشیکردهوە، سەرۆک وەزیران مافی ئەوەی نییە وەزیر لابدات، چونکە پەرلەمان متمانەی پێداوە و پێویستە پەرلەمانیش متمانەی لێ وەربگرێتەوە.
دوێنێ راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند: نوری مالیکی بڕیاری داوە مۆڵەت بە وەزیرە کوردەکان بدات و ژمارەیەک وەزیری دیکەش لە شوێنی ئەوان بەوەکالەت دادەنێت.




