موئهیهد تهیب: شاندێكی كوردی لە چەند رۆژی ئایندە سەردانی بەغدا دەكات

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەكی تایبەتی لەگەڵ وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكانی بەغدا ئەنجامدا بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی چونەوەو نەچوونەوەی كورد بۆ بەغداو و سەردانەكەی شاندەی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ شاری هەولێر و ناردنی نامە بۆی بەغدا بۆ یەكلایی كردنەوەی بابەتەكان.
موئەیەد تەیب وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بۆkdp.infoگوتی: دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوو شاندێكی لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆكایەتی خالد عەتیە سەردانی شاری هەولێریان كرد ئەمەش وەكو هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی قەیران و گرژیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی نێوان بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكانی بەغدا و نوێنەری لایەنە سیاسیەكان ئەو سەردانەی هاوپەیمانی نیشتمانی بە ئەرێنی هەژماركرا هەروەها هەر لەمیانەی ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی ناوەڕۆكی ئەو نامەیە كرا كە وابڕیارە بنێردرێت بۆ بەغدا و ئاراستەی هاوپەیمانی نیشتمانی بكرێت و بەرێكەوتنی هەموو لایەك نامەكە دارێژرا و بڕیادرا ئەو نامەیەش لەلایەن شاندێكی كوردیەوە ببردرێتە بەغدا.
سەبارەت بە ئەندامانی ئەو شاندە كوردیە موئەیەد تەیب گوتی: شاندە كوردیەكە كە لە چەند رۆژی ئایندە سەردانی بەغدا دەكەن و لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانی نیشتمانی گفتوگۆ دەكەن و نامەكەیان پێشكەش دەكەن بریتین لە( د. رۆژ نوری شاوەیس، فوئاد مەعسوم، سەردار عەبدوڵا، عەلی باپیر، نەجیب عەبدوڵا) كە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردیەكانن و گەڕانەوەی پەرلەمانتار و وەزیرە كوردەكانیش بۆ بەغدا بەستراوەتەوە بە سەردانی شاندە كوردیەكەو گفتوگۆكانی لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی بەڵام تا ئەنجامێكی ئەرێنی و باش لەمبارەیەوە بەدەست نەیەت بڕیار گەرانەوەی كورد بۆ بەغدا نادرێت.




