ئایەتوڵلا نوری هەمەدانی: پێویستی ئێران بە سەرۆك كۆمارێكی ژیر و ئازا هەیە

ئێران- KDP.info/ گەورە مەرجەعی شیعەكان لە قوم ئایەتوڵڵا نوری هەمەدانی ئەمرۆ رایگەیاند كە لەم قۆناخەی ئێستادا پێویستی ئێران بە سەرۆك كۆمارێكی ژیر و ئازا هەیە.
بە پێ هەواڵێكی ئاژانسی فارسی ئێرانی ئایەتوڵلا نوری هەمەدانی ئەمرۆ باسی پاڵێوراوەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێرانی كردووە و گوتوویەتی: ئێرانی ئەمرۆمان پێویستی بە سەرۆك كۆمارێكی ژیر و ئازا هەیە كە بتوانێت كێشە و گرفتە هەنۆكییەكانی ئێران لە هەر روویەكەوە چارەسەر بكات.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە بە پێ وتەكانی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەشداری كردنی خەڵك لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئێران ئەركێكی ئاینی و نەتەوەیی هەر تاكێكی ئێرانییە و خەڵكی ئێران پێویستە بە چاوكراوەیی كەسێك ژیر و شیاو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری هەڵبژێرێت، چونكە ئەو قۆناخەی كە ئێستا ئێران تێیادا تێپەڕ دەبێت قۆناخێكی زۆر حەساس و هەستیارە و نەیارانی شۆڕشی ئێران لە هەر لایەكەوە هەوڵ بۆ نانەوەی ئاژاوە و كێشە دەدەن.
ئایەتوڵلا نوری هەمەدانی سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆیی ئێرانیش ئاماژەی بەوە كردووە كە یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی سەرۆك كۆماری نوێ ئێران ئەوەیە كە پێویستە بتوانێت بە سیاسەت و بەرنامەی خۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئێران بە تایبەتی كێشە ئابوورییەكانی وڵات چارەسەر بكات.




