محەمەد تۆفیق رەحیم : تا ئێستە ھیچ وادەیەک دیارنەكراوە و مەلا بەختیاریش دەڵێت ئەم ئێوارەیە سەردانیان دەکەین

سلێمانی- تایبەت بە KDP.info/ مەحمەد تۆفیق رەحیم دەڵێت: تا ئێستە ھیچ کاتێک دیار نەکراوە کەی شاندی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن، لای خۆشییەوە مەلا بەختیار رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەم سەردانە ئەنجام دەدەن.
محەمەد توفیق رەحیم بەرپرسی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە KDP.infoراگەیاند: تا ئێستە ھیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ سەردانی شاندی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتیمانی کوردستان بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان، لای خۆشییەوە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن. محەمەد توفیق رەحیم گوتیشی: باس لەوە کراوە سەردانی ئەوان دەکەن، بەڵام ھیچ کاتێک بۆ سەردانەکە دیاری نەکراوە.
شاندی ھاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو سەردانی ھەریەکە لە کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیان کرد و بڕیارە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بکەن.




