سەرۆكی هەرێمی كوردستان و گەورە راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ڕەوشی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ كرد

ئەمڕۆ یەكشەممە 7ـی 4ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی (برێت مەك گوورك) گەورە راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد.
لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە ڕاشكاوی هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی لەمەڕ كێشە و قەیرانەكانی ئێستای عێراق و، بەشداریی هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسی بۆ شاندی میوان شی كردووە و جەختیشی لەسەر زەروورەتی كاركردن بە پڕەنسیی شەراكەت و تەوافۆق و هاوسەنگی لە عێراقدا كردووە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گرتنەبەری هەنگاوی عەمەلی لە لایەن حكوومەتی عێراقی بە دەستپێكێكی گونجاو زانی بۆ چارەكردنی كێشەكانی عێراق. لە بەرانبەریشدا (برێت مەك گوورك) دوای قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستاكەی عێراق پشتگیریی تەواوی ئەمەریكای دووپاتكردەوە بۆ پڕەنسیپەكانی شەراكەت لە حوكم بەو شێوەیەی كە لە دەستووری عێراق و ڕێككەوتننامەی هەولێری ساڵی 2010ـدا هاتووە.




