٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جەعفەر ئیمینکی: پەیوەندی پارتی و یەکێتی لە ئاستێکی باش دایە، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەشێک لەسەرکردەکانی لە جێگای خۆیدا نەبوو

سەرچاوە: KDP.info

دیمانە: بڵند ئیبراھیم

جەعفەر ئیمینکی وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی KDP.info باس لە چەند تەوەرێک دەکات، لەوانەش قەیرانی سیاسی ئێستەی عێراق و ئاسۆی پەیوەندی و رێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی و لێدوانەکانی ئەم دوایەی ھەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتی و پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆن و چەند تەوەرێکی  ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە.

KDP.info- با لە قەیرانە قوڵ و کێشە هەڵایساوەکانی بەغدا و لایەنە ناکۆکەکان دەست پێبکەین و بزانینھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی قەیرانی سیاسی ئێستەی عێراق بەچ ئاراستەیەکدا دەڕوات؟

جەعفەر ئیمینکی: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەوردی چاودێری رووداوە سیاسییەکانی ناوەخۆی عێراق و قەیرانی دەسەڵات دەکەین و لێتان ناشارینەوە نیگەرانین لە بارەی قەیرانی سیاسی ئێستەی عێراق، قەیرانەکە بەردەوامە و رۆژ بە رۆژیش فراوانتر دەبێت و بارودۆخی سیاسی و ناکۆکییەکان بەرەو بنبەست دەچێت، نیگەرانی ئێمەش زیاتر لەوەدایە بەردەوامی کێشەکان بەمجۆرە  ئایندەی عێراق بەرەو هه‌لدێر ده‌بنو ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره یه‌ ‌ له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی، چونکە ئێمە بڕوامان وایە عێراقێکی دیموکراسی و فیدرالی بۆ ئێستە لەبارە و دەتوانێت بەیەکەوەمان بهێلێتەوە، لە بەرئەوەشە پارتی هەمیشە کاری بۆ عێراقێکی دیموکراسی کردووە و دەکات. دەمانویست مادەی 140جێبەجێ بکرێت و لایەنەکان پابەستی دەستور بن، ئێمە ئارەزووی ئەوەماان نەکردووە و نەماندەویست عێراق بکەوێتە بارودۆخێکی لەم شێوەیە، بەڵام گشت لایەک دەبینن  هەندێک لایەن نایانەوێت مادەکە جێبەجێ بکرێت، نایشارینەوە و پێش لەسەر ئەوە دادەگرین مادەی 140  پەیوەستە بە کێشەی  خاک و كێشه‌ێكی  نەتەوەییەوە، دەبێت بزانین ئەمە پرسێکی کاتی و هەورەها پرسی موچە و بودجە و كارگێری نییە، کە سەیری مێژوو دەکەین کێشەکانی عێراق لە ساڵی1921 ەوە تاکو ئێستە درێژەی هەیە، بۆیە ھەموو ئاواتی ئێمە ئەوەبوو لە کاتی دامەزراندنەوەی عێراقی نوێ لە ساڵی 2003 وەکو هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێککەوتووین دەبێت عێراقێکی دیموکراسی بێتەئاراوە، هەر تەنیا بەم شێوەیەش دەتوانرێت  کێشەکان چارەسەربکرێن.

کوردستان لایەنی سەرەکی و بە‌هێزی داکۆکی کەرە لە مەسەلەی دیموکراسی، ئەم مەسەلەیە دەتوانێت باشتر خەونەکانمان بێنێتە دی و ئێمە ھەرێمێکمان ھەیە کە ھەموو پێکھاتە و ئاینێک و رەگەزێک  لە خۆدەگرێت و بەختەوەر تێیدا دەژین. عێراق کراوەیە لەبەردەم هەندێک هێزی دەرەکی بۆ ئەوەی دەست لەکاروباری ناوەخۆیی وەربدەن و قەیرانەکانیش خراپتر دەکەن و نایانەوێت عێراق یەکگرتو و بەھێز  و دیموکراسی بێت، چونکە عێراقی دیموکراسی بە ھەڕەشە بۆ سەر  ھەندێک وڵاتی دراوسێ دەزانرێت و لەبەر ئەوە نایانەوێت ئەم پرۆسەیە سەقامگیر بێت . ئەمەش لەبەر ئەوەیە  عێراقی دیموکراسی دەبێتە مۆدیلێکی سەرکەوتوو بۆ ناوچەکە، ھەر بۆیەش ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆبه‌ی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە گەڵ ئەوەداین ئەم قەیرانە بە زووترین کات لەرێگەی دیالۆگ و بە ئاشتاوەیایی و گەڕانەوە بۆ دەستور و رێککەوتنی هەولێر چارەسەربکرێت، چونکە گەر زوو چارەسەر نەکرێت، رەنگە دواتر چارەسەرکردنی ئەستەم بێت، بۆیە ناشێردرێتەوە کە عێراق ئەمرۆ لە قەیرانێکی حەقیقی ترسناکدا دەژیت.

 

KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نەورۆز 2012  دا ھۆشداری لە بارەی خراپی و قەیران و ئاراستەی تاکڕەویی دەسەڵات و شێوازی ئیدارەی حکوومەتی ئێستەی عێراق دا، کەچی ئەو کات هەندێک ویستیان نێوەڕۆکی کوردستانی پەیامەکە بە ئاراستەیەکی دیکەی سیاسی و هەتا کاردانەوەی شەخسی ببەن، ئایا نێوەڕۆکی ئەم پەیامە هێشتا کاریگەری ماوە، یاخود دەبێت بیر لە پەیامێکی دیکە بکرێتەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی ویژدانی بوو پێش ئەوەی  پەیامێکی سیاسی بێت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەست بە ئازارێکی ویژدانی بەرامبەر رووداوەکانی عێراق و هەڵوێستی دەسەڵاتداری بەغدا بەرامبەر کوردستان و سەرجەم خەڵکی عێراق بە عەرەب  وتورکمان و ئاشوری و کلدان  و ئاین و ئاین زاکان دەکات. سەرۆک مسعود بارزانی ھەموو تەمەنی لە پێناو خەبات و تێکۆشان لە دژی تاکڕەوی و دیکتاتۆری و زولم و زۆر بەخت کردووە و دژی هەر سیستەمێک  بووە کە دەزانێت حوکمی تاکڕەوانە لە وڵاتدا دەکات، چونکە جەنابی سەرۆک و پارتی دەیانەوێت عێراق بەرەو دیموکراسیەت بچێت. لەتەک ئەوەشدا سەرۆک بارزانی رۆلی رێبەرایەتی دەبینێت بۆیە پێش ھەموو کەسێک ھەست بەو مەترسیانە دەکات کە رووبەروی وڵات دەبنەوە، بەتایبەتیش کێشەیەک کە پەیوەستە بە چارەنووسی هەموومان وڵات بەرەو تاکڕەوی دەبات. ھەر بۆیەش سەرۆک بارزانی ھەر زوو دەست پێشخەری کرد و ھاوکاری لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کرد بۆ دەرباز بوون لە قەیرانەکان بە گەڕانەوە بۆ بنەمای دیموکراسی و ریزگرتن لە ئیرادەی یەکتر و ئیلتیزامکردن بە دەستور کە بنەمایە بۆ یەکێتی بەیەکەوە مانەوەی هەموو پێکهاتەکان و عێراق، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە لایەنەکان لە کاتی خۆیدا ھەڵوێستیان نەبوو، یاخود ویستیان مەسەلەکە بە ئاراستەیەکی دیکەی سیاسی و حیزبیدا ببەن، ھەر بۆیەش ئێمە ئەو کات وەک پارتی گلەیمان لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق ھەبوو و لایەنەکانیش لە جیاتی پێشوازیکردن لە گلەیەکەمان، پلانیان لە دژی پارتی دادەنا، ھەرچەندە ئەم داواکارییەی پارتیمان داواکارییەکی دیموکراسیانە بوو، هەروەها چەمکی کوردستانی و بەرژەوەندییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستانی لەخۆ گرتبوو.

KDP.info - ئایا پێتان وایە نوری مالیکی دەتوانێت ئەم قەیرانەی ئێستەی عێراق چارەسەربکات؟

جەعفەر ئیمینکی: بە بۆچوونی  ئێمە نوری مالیکی نە دەتوانێت  خۆی و نە دەشتوانێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بەداخەوە ئەو هەموو ئاراستەکان و سیاسەتی ئیدارە و ململانێکانی بەرەو بنبەست بردووە و بەردەوامیشە لەسەر ئەم سیاسەتەی کە زیانی بۆ گشت لایێک تێدایە. ھەر بۆیەش چارەسەری قەیرانی ئێستەی عێراق لە سەردەستی نوری مالیکی زەحمەت بووە و تەنیا هەندێکجار دا دەردەکەوێت کە ئەو نەیوێت چارەسەی کێشەکان بکرێت، چونکە رەنگە خودی خوی نەیوێت هەدنێکیان چارەسەر بکات و هەندێکیش درەنگ کەوتبێتەوە و لە توانای ئەودا نەمابێت چارەسەریان بکات. بۆیە تاکە رێگا ئەوەیە لایەنە سیاسییەکانی دیکە پڕۆژەی فیدرالی کارا و بەرەو باشتر ببەن، بە تایبەت دەربارەی راگەیاندنی ھەرێمێکی سونی، بەیەکێک لە بیرۆکە گونجاوەکان دەبینرێت. ئەو کاتە بنەمای فیدرالی و بەهێزبوونی هەرێمەکان باشتر دەبێت. ئەو کاتە ئاسانە ئەگەر هەر پێکھاتەیەک بیەوێت سیاسەتێکی چەوت پیادە بکات، سنوری بۆ دیاری بکەن و ئەو دابەشبوونی عێراقیش بەکردەوە بۆ سێ ھەرێم ببێتە راستی، پێش ئەوەی عێراق بە شێوەیەکی دیکەی ھەڵوەشێەوە.

KDP.info - پەیوەندی پارتی لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و بە تایبەتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە چ ئاستێک دایە؟

جەعفەر ئیمینکی: پەیوەندی پارتی و یەکێتی لە ئاستێکی زۆر باش دایە و دەتوانین بڵێین لەو پەڕی باشی دایە، ئەمەش دوای ئەزمونێکی سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردنی حکوومەتێکی ھاوبەش دێت، چونکە ئێمە ئێستە لە راستەوخۆ گەڵ خەڵکی کوردستان قسە دەکەین و کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆری دەستکەوتە ئێمە باسی ئەم دەسکەوتانە بۆ خەڵک دەکەین و جگە لەوەش پارتی و یەکێتی توانیویانە ئەمن و ئاسایشێکی بەهێزو دڵنیاکەرەوە بۆ کوردستان بەدیبهێنن و تا رادەیەکی زۆریش پێداویستی خەڵکیان دابین کردووە، راستە خەڵک هێشتا داواکاری زۆری ماوە و بەردەوامیش لەگەڵ باشتر بوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک لەرووی ئابوری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری پێویستییەکان زۆرتر دەبن و پارتیش لەمبارەوە بەرنامە رێژی بۆ خواست  وپێویستییەکانی خەڵک لە داهاتوو کردووە و هەمیشە لەمبارەوە لە نوێبوونەوەیە بۆ کارکردن لەئاستی قۆناغەکە. پارتی لەو ھاوپەیمانییەی هەمانە رازین و ھەردوو لایەنیش  پابەندین بە رێککەوتنی ستراتیژی و هەرچەندە نایشارینەوە رەخنەش لەمبارەوەیە ھەیە، چونکە ناکرێت ھەموو شتێک بە دڵی ھەردوو لایەن بەرێوەبچێت، هەورەها هیچ شتێک بێ کەموکورتی و گلەیی نییە و ناشبێت، بۆیە ئاساییە گلەیی  و رەخنە و هەندكجاریش لێکدانەوەی جوداش هەبێت و لەبیری نەکەین ئێمە و یەکێتی دوو حزبی جوداین و قۆناغەکەش گۆڕاوە و پێویستی بە پیداچوونەوە هەیە له‌ شێوازی هاوبه‌شی كاركردنمان.

KDP.info- سەبارەت بەلێدوانی ھەندێک لەسەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، دەنگۆی جودا دروست بووە، هەدنێکیان وا مەسەلەکان دەردەبرن کە ئەوان زیانیان پێگەیشتووە و لە هاوپەیمانی گەدریان لێدەکرێت و راشیان گەیاندووە کە ئەوان بە یەک لیست دادەبەزن لە هەڵبژاردنی هاتوو، ئەمە چەندە کاریگەری لەسەر رێککەوتنی ستراتیژی دروست دەکات؟

جەعفەر ئیمینکی: زۆربەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی برادەرانی یەکێتی لە جێگای خۆیاندا نەبوون و ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌ لێدوانی ئێمه‌ش له‌جێی خۆی نه‌بێت، بەڵام لە گەڵ ئەمەش ئێمە وا فێربووینە تەحمولی یەکتر بکەین، ئینجا چ ئێمە لێدوانی دژی ئەوان بدەین، یاخود بە پێچەوانەوە. ئەمەش ھیچ کاریگەرییەکی سلبی لە سەر رێککەوتننامەی ستراتیژی نییە و رەنگە رێککەوتنەکە پێویستی بە ھەموارکردنەوە هەبێت، بەڵام ھەبوونی ئەم رێککەوتنە زەرورەتێکە بۆ خەڵکی کوردستان ، بۆیە ئێمە لەگەڵ پاراستن و پەرەپێدانی رێککەوتنی ستراتیژین، نەک پێچەوانە، ئەگەر یەکێتیش لەگەڵ لیستی جودا و سەربەخۆی هەڵبژاردن بن، بەڵام هاوراین لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ئیلتیزام کردن بە رێککەوتنی ستراتیژی . بۆیە هەموار کردنەوەی ئەم رێککەوتنە سروشتییە.

سەبارەت بەلایەنی دیکەی پرسیارەکەتان با وادابنێین کە یەکێتی بە یەک لیست دادەبەزێت، نایشارمەوە داواکەی یەکێتی زۆر رەوایە بۆ ئەوەی سەنگی خۆیان بزانن و دەنگدەری خۆیان بناسن. ئێمە ھیچ گلەیمان لەمەبارەوە  نییە و ئەم بۆچوونە تایبەتە بە خودی یەکێتی، لە ناو پارتیش رای واهەیە کە لەم قۆناغە پارتی بە لیستێکی جیا بەشدار بین، بەڵام دواتر ھاوپەیمانی خۆمان به‌رده‌وام بكه‌ین. ئەمەش تەنیا پرسێکی تەکنیکییە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی خۆیان یەکلا نەکردۆتەوە، چونکە ھیچ لایەک بێ راوێژکردن بە لایەنەکەی دیکە ناتوانن بڕیار بدەن، ئەمە لە رێککەوتننامەی ستراتیژی ھاتووە. بۆ ھەر بابەتێک دەبێت پرس بە یەکتر بکەین. بۆیە پێکەوە دانیشتن ئەنجام دەدەین و ئەم پرسە یەکلایی دەکەینەوە، چونکە گەر بە لیستی جیاواز بەشدار بین، پێویستە بزانین چۆن ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ئەنجام دەدەین، دەبێت زەمینە سازی بکرێت بۆ ئەوەی تەشەنوج لە نێوان دەنگدەران دروست نەبێت، ھەروەھا کۆمەلێک مەسەلەی گرینگ هەن دەبێت باسیان لێوەبکەین و بەرنامەی بۆ دابرێژین کە چۆن دەتوانین ھاوکاری یەکتر بکەین و ئەنجامی ھەڵبژاردن چۆن دەبێت و پاشان ئێمە چۆن و بە چ شێوازێک پێکەوە کاری حوکمڕانی دەکەین. دیارە ئەمانە کۆمەڵە شتێکە دوای ئەوە دەبێت کە  رێژەی پێویستی دەنگەکانمان بەدەستھێنا. هەرچەندە من دڵنیام رێژەیەکی پێویست بەدەست دێنین و بۆ ئەم مەبەستە لەم ھەفتەیە زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین. سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکان و کاتی ھەڵبژاردن و شێوازی بەشداریکردن و ئەو شتە تەکنیکیانەی هەن ھەمووی یەکلادەکەینەوە و هەر کاتێک حکوومەت کات بۆ ھەڵبژاردنەکان دیاری بکات، ئێمە وەک پارتی و یەکێتی ئامادەین.

 

KDP.info - بە رای ئێوە ئایا رەخنەکانی ئەم دواییەی هەندێ لایەن و بەتایبەتیش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەربارەی ئامار و رێژەی دانیشتوانی کوردستان ترسە لە ئەنجامی هەڵبژاردن، یاخود واقیعە؟

جەعفەر ئیمینکی: ئەم مەسەلەیە دەبێت حکوومەت و وەزارەتە په‌یوه‌ندیداره‌كان یەکلایی بکەنەوە و نیگەرانی ئەو لایەنانە بڕەوێننەوە و راستییەکان بخەنە روو. پێم وایە بەشێکی  رەخنەکانی ئەم دواییەی له‌سه‌ر ئاماره‌كانی هه‌رێم تێنەگەیشتن بوو لە واقعی گەشەکردووی ھەرێمی کوردستان، لەراستیدا کاتێک لێدوان لە بارەی ئامار دەدرێت، جۆرێک لە تێکنەگەیشتن ھەبووە و ھەر کاتێک رێژەی دانیشتوانی کوردستان زیاد دەکات، پێویستە بزانین چۆن زیاد بووە و هۆکارە زانستییەکانی ئەم زیادبوونە چین و دەبێت شەفافانە ئەم مەسەلەیە بخرێتە بەردەم رای گشتی، بەڵام دوای ئەوەی وەزیری پلاندانان روونکردنەوەی لەم بارەیەوە دا، ئیدی بەشێکی زۆر و سەرەکی ئەم مەسەلەیە روونتر بۆوە و توانی وێنەیەکی دروست بداتە ئەو لایەنانەی کە گومانیان هەبوو.

KDP.info - زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە پارتی غەدری لە یەکێتی کردووە لە رووی پێدانی پۆست؟

جەعفەر ئیمینکی: من لەو بڕوایە دانیم سەرکردایەتی یەکێتی بەم شێوەیە بیربکاتەوە، بەڵام رەنگە ھەندێک لە رێکخستنەکانیان وابیربکەنەوە، لە بەرامبەردا ھەندێک لە رێکخستنەکانی پارتیش وابیردەکەنەوە.

KDP.info - ئایە لە داھاتوو لە دابەشکردنی پۆست پێداگری لەسەر سیاسەتی پەنجا بە پەنجا دەمێنێت؟

جەعفەر ئیمینکی: ئێمە دەمانەوێت یەکێتی بە دڵنیایی و شەراکەتێکی راستەقینە لە گەل پارتی دیموکراتی کوردستان کاربکات و پارتیش بە ھەمان شێوە و نابێت ھەڵسەنگاندنی ئێمە لەسەر ئەوە بێت چەند پۆست بۆ پارتی بێت و چەند پۆست بۆ یەکێتی بێت، بۆیە بە پێویستی دەزانین هەموومان لە جیاتی پەرۆش بوون بۆ چەند پۆستێک، باشترە و دووربینانەترە کە دڵسۆزانە و خزمەت بکەین و کوردستان ئاوەدانتر بکەینەوە و پەرۆشیەکانمان بۆ ئاسیشی نەتەوەیی و هەنگاو نان بەرەو ئایدنەیەکی لەبارتر بێت بۆ ھەرێمی کوردستان.

KDP.info - ئێوە چۆن خۆتان ئامادەکردووە بۆ ھەڵبژاردنەکان؟

جەعفەر ئیمینکی: ئێمە وەک پارتی تاوەکو ئێستا بە تەواوی خۆمان ئامادە نەکردووە، بەڵام لە بارەی هەڵبژاردن ھەیە و کێشە نییە چۆن خۆمان ئامادەکەین، چونکە ئەوەی گرنگە لە ھەڵبژاردنەکان دەنگدەر و لایەنگری پارتییە و لە لایەنی دەروونییەوە  ئێمە ئامادەین و ئەزمونیشمان ھەیە. بەڵام لە ھەرێمی کوردستان رێژەیەکی زۆری دەنگدەری دوودڵ و رارا هەیە، پێویستە ئێمە وەک پارتی پلانێکی باش دابنێین بە تایبەت لە سلێمانی کە نزیکەی %25 دەنگدەری دوو دڵ  و راڕایە وهەروەها  لە ھەولێریش ئەمجۆرە دەنگدەرە دەگاتە  نزیکەی 16 تا 20% .  دەبێت کارێکی باش و سەرکەوتوو لەمبارەوە بکەین، بۆ ئەوەی رێژەیەکی باش لە نێو ئەو دەنگدەرانە بەدەست بێنین کە هێشتا یەکلانەبوونەوەتەوە دەنگ بۆ کێ دەدەن.

 KDP.info - ئایا جەماوەری ئێوە بەراورد لە گەڵ ساڵانی پێشوو چۆنە، بە تایبەت لە شاری سلێمانی؟

جەعفەر ئیمینکی: جەماوەری ئێمە لە شاری سلێمانی زیادیکردووە و لە ھەولێر و دھۆکیش لە ئاستێکی باش دایە، بەڵام لە سلێمانی ھیچ گومانی تێدا نییە پێشوەچوونی باشی بەخۆیە بینیوە.

KDP.info - ئایا تا چەند لە گەڵ ئەوەدان ھەڵبژاردن لە کاتی خۆی بەڕێوە بچێت؟

جەعفەر ئیمینکی: ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کورستان ھەر کاتێک حکوومەت کات دیاربکات و کۆمسیۆن ئامادەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن، ئێمە ئامادەین و لە ساڵی1992 ەوە تاوەکو ئێستە ئێمە ھەمیشە پێشوازیمان لە ھەڵبژاردن کردووە و ھیچ ھەڵبژاردنێک لە عێراق نەبووە، ئێمە بە گەرموگوڕی بەشداریمان تێدا نەکردبێت. چونەک پارتی هەڵبژاردن بە بنەمایەکی گرینگ و سەرەکی پرۆسەی دیموکراسی و گەشەکردنی کوردستان دەزانێت، بۆیە بە پەرۆشە کار بۆ سازدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی دا دەکەین. ئینجا ئێمە چیمان بە دەستھێنابێت، ئەوە لە پێناو خزمەتی خەڵک و جەماوەری کوردستان بەکارمان هێناوەتەوە. بۆیەشە ھەموو کات پارتی وەک سەرکردایەتی و رێکخستن و جەماوەر بە کەرنەڤالێکی شارستانی هەڵبژردانمان وەسف کردووە، چونکە ئێمە بڕوامان بە دیموکراسیەت ھەیە، بۆیە ئێستەش بە ھەمان شێوە بەرەو ھەڵبژاردن دەچین .

KDP.info - ئایا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دووبارە خۆی کاندید دەکاتەوە؟

جەعفەر ئیمینکی: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھیچ کات چاوی لە پلە و پۆست نەبووە و ھەموو کات گوتوویەتی من پێشمەرگەم و ھەر بە پێشمەرگایەتیش دەمێنمەوە و بەو نەفەسە رۆلی خۆی وەک رێبەر و وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بینیوە و دڵسۆزانە کاری خۆی کردووە و سەرۆکی ھەرێم ئەم پۆستەی لەرێگەی هەڵبژاردنی جەماوەری و راسته‌وخۆ  وەرگرتووە ، هەروەها  لە ساڵی 1992 بەشداری لە ھەڵبژاردن کردووە و داوای ئەو هیچ کات داوای پۆستی نەکردووە، سەرۆک بارزانی هەمیشە وەکو رێبەرێک کاری کردووە و مەبەستی پۆست نەبووە و  ساڵی 2005 یش وەک زەرورەتێک ئەم پۆستەی وەرگرتووە و ھەڵبژاردنی راستەوخۆش پرسێکی مێژووی بوو لەکوردستان ئەنجام درا، ئەم پرۆسەیە دیموکراسییە پەیوەیست بە بە‌هێزکردنی کوردستان لە ناوەخۆ و دەرەوە هه‌یه‌، هەر سەرۆکێکیش کە متمانەی خەڵک لەرێگەی هەڵبژاردن بەدەست دەهێنێت، دەتوانێت چاکتر خزمەت بکات، لە ئەزمونێکی لەم شێوەیەدا بوو کە بارزانی 70% دەنگەکانی  خەڵکی بە دەستھێنا و ئەمجارەش ئەگەر زەرورەتێکی نیشتیمانی بێتە پێشەوە، ئەوە خەڵکی کوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌بێت ره‌ئی خۆ بیده‌ن.

 KDP.info - پەیوەندی پارتی لە گەڵ ئۆپۆزسیۆن لە چ ئاستێک دایە؟

پەیوەندیمان لە گەڵ ئۆپۆزسیۆن باشە و داوای ئێمە ئەوەیە ھەمیشە پەیوەندیمان باش بێت و ھەماھەنگی ھەبێت لە نێوانمان لە سەر ئاستی کوردستان و بەغدا و راگەیاندن و شەقامیش .

KDP.info- ھۆکاری وەڵام نەدانەوەی پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆن چییە؟

جەعفەر ئیمینکی: ئێمە وەڵامی پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆنمان نەداوەتەوە، چونکە ئەو پێشنیارانەی بەمشێوەیە باسی لێوەکراوە سێ شێوازی بۆ چاکسازی هەیە. یەکەم شێوازی دانوستان کە ئەمشێوازە گەیشتۆتە بن بەست و شێوازێکی دیکە ھەیە ھەڵبژاردن بکرێت کە ئەمڕۆ لە کوردستان باسی لێوەدەکرێت و شێوازێکی دیکە ھەیە کە ئێمە باسی لێوە ناکەین ئەویش کودەتایە. بەڵام ئێمە باسی ھەردوو رێگای یەکەم و دووەم دەکەین کە ھەردووکیان سروشتین، یان بەرێگای ھەڵبژاردن یان بەرێگای دانوستان چارەسەری کێشەکان بکرێت، بەڵام بەداخەوە رێگای دانوستان گەیشتووە بنبەست و تەنیا رێگای ھەڵبژاردن دەمێنێت کە ئەمەش باشترین چاکسازییە و دەنگدەر بڕیاری خۆی دەدات و دەتوانێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ بڕیار لە سەر ئەو بەرنامە و بۆچوونانە بدات کە خزمەتی کوردستان دەکەن و بڕیار‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی چاكسازی ئێمه و به‌رنامه‌ی چاكسازی ئوپوزیسیونیش ده‌دات‌ .

KDP.info - ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی دەست پێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و بە حزبی کردنی پرۆسەکە چۆنە ؟

جەعفەر ئیمینکی: ئەمە پرۆسەیەکی پیرۆزە و ھەموو ھەوڵێکی ئێمەش ئەوەیە ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت و دەسەڵاتدارانی تورکیا و پەکەکە و عەبدوللا ئۆجەلانیش باش دەزانن رۆلی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و پارتی یەکجار زۆر بووە، تاکو ئەم پرۆسەیە بگاتە ئەم قۆناغە و ھێزە سیاسییەکانی دیکەش رۆلیان بینیوە و پشتگیری لەم پرۆسەیە دەکەن، بۆ ئەوەی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی کوردبەسەر بکەوێت. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پەیامێکی نوێ بە سەرجەم جیهان لەمەڕ چۆنیەتی مامەلەکردن لەگەڵ دۆزی کوردستان دەدات مه‌سه‌له‌ێكی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وها.

KDP.info - کاردانەوەی ئەم پرۆسەیە لە کوردستان چۆن دەبینن؟

جەعفەر ئیمینکی : بەداخەوە لە میدیاکانی کوردستان بەشێوازێکی زۆر حزبیانە مامەلە لە گەڵ ئەم پرۆسەیە دەکرێت، بەڵام ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدار نەبووین و ئێمە پێمان وایە ئەمە پرۆسەیەکی نەتەوەیی و دیموکراسی و شارستانییە، نەدەکرا بەمشێوە لەئاست و بایەخی پرۆسەکە کەمبکرێتەوە و بە پێچەوانە دەبێت ئاست و بایەخی ئەم پرۆسەیە بەرز رابگیرێت. هەروەها بە چاوێکی نەتەوەیی سەیر بکرێت، نەک لە دیدگا و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی، بەداخەوە ھەندێک خەڵک بەمشێوەیە مامەلە لەگەڵ ئەو مەسەلە گرینگ و ستراتیژیانە دەکەن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار