جێبەجێکردنی بڕیاری نوێ لەبارەی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

ھەولێر - تایبەت بە kdp.info/ بڕیاربوو ئەمڕۆ کار بەرێنمایی نوێ لە بارەی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل بکرێت، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر لیوا ئازاد بە kdp.infoراگەیاند: ھەفتەی رابردوو ئاگادار کراینەوە، کە ئەمڕۆ بڕیاری نوێ لە بارەی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەیانی جارێکی دیکە ئاگادار کراینەوە بڕیارەکە دواخراوە بۆ کاتێکی نادیار و کار بە بڕیارە کۆنەکە دەکرێت.
لیوا ئازاد گوتیشی: ئێمە ھۆکارەکی نازانین، تەنیا ئاگادار کراینەوە کە بڕیارەکە دواخراوە و جارێ کاری پێناکرێت.
دوای بڵاوبوونەوەی گرانبوونی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی کوردستان، نارەزایەتییەکی زۆری لە لایەن خەڵک لێکەوتەوە.
نرخەکانیش بەشێوەیەی خوارەوەیە:
ئۆتۆمبێلی ساڵۆن چوار بستۆن سێ ملیۆن و 150ھەزار دینار دانراوە، بۆ ئۆتۆمبێلی ساڵۆنی شەش بستۆن چوار ملیۆن و 200ھەزار دینار، لاندکرۆزەری چوار پستۆن، چوار ملیۆن و 200ھەزار دینار، لاندکرۆزەری شەش بستۆن و ھاوشێوەکانی پێنج ملیۆن و 250ھەزار دینار، لاندکرۆزەری ھەشت بستۆن و ھاوشێوەکانی شەش ملیۆن و 300ھەزار دینار.




