موقته‌دا سه‌در: كورد برای ئێمه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه ناده‌ین ده‌ستدرێژییان بكرێته سه‌ر
له وه‌ڵامی پرسیاری هاووڵاتییه‌كی كوردی دانیشتووی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا كه تیایدا مه‌ترسی كورد له هه‌ڕه‌شه‌كانی مالیكی خستبووه‌ڕوو، موقته‌دا سه‌در سه‌رۆکی ره‌وتی سه‌در رای گه‌یاند: "كورد برای ئێمه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵ ناكه‌ین ده‌ستدرێژییان بكرێته سه‌ر".
هاووڵاتییه‌كی كوردی دانیشتووی شاری هه‌ڵه‌بجه، به‌ناوی هێڤیدار ئه‌حمه‌د نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی موقته‌دا سه‌در کردووه و تیایدا مه‌ترسی كوردی له هه‌ڕه‌شه‌كانی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران خستۆته‌ڕوو.
نامه‌ی هاوولاتییه كورده‌كه له كاتێكدایه كه پێشتر سه‌رۆكی هه‌رێم، له وتارێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه مالیكی ده‌یه‌وێت فڕۆكه‌ی جه‌نگی (ئێف 16) بكڕێت و هه‌ڕه‌شه‌ی كوردی پێبكات، پاشان له وتارێكی دیكه‌یدا به‌بۆنه‌ی به‌شداری كردنی له مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی (730) روفاتی ئه‌نفالكراوه‌كان له چه‌مچه‌ماڵ، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم، له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، نووسسیبووی: "جێگای داخه كه ئه‌مڕۆ له به‌غدا هێشتا كه‌سانێك هه‌ن كه هه‌ڵگری هه‌مان بیروباوه‌ڕی ئه‌نفالچییه‌كانن و ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت درێژه به هه‌مان سیاسه‌تی ئه‌وان ده‌ده‌ن".
بۆیه له وه‌ڵامی نامه‌ی هاووڵاتییه كورده‌كه، موقته‌دا سه‌در، سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در رایگه‌یاندووه:"كورد برای ئێمه‌ن و هاوبه‌شن له وڵات‌دا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه ناده‌ین ده‌ستدرێژییان بكرێته سه‌ر، نه له نزیكه‌وه نه له دووره‌وه". سه‌در له وه‌ڵامه‌كه‌یدا جه‌خت ده‌كاته‌وه، پێویسته هه‌موو به‌یه‌كه‌وه له عیراقدا به ئاشتییانه بژین.




