ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێم بۆ کاروباری داد: دەمێکە پێشنیاری دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بەڕۆژنامەنووسانم کردووە

ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری داد ڕایدەگەیەنێت لە بەغدا دادگایەک ھەیە تایبەتە بەڕۆژنامەنووسان و تا ئاستێکی باشیش سەرکەوتوو بووە ھەربۆیەش پێشنیارم کرد دادگایەکی تایبەتمەند بە ڕۆژنامەنووسان لەھەرێمی کوردستان دابمەزرێت بەڵام ستافی پێشووی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان تێبینیان لەسەر ھەبوو.
ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆکاروباری داد ئازاد عزالدین مەلا فندی گووتی:"من زۆر دەمێکە پێشنیاری دامەزراندنی دادگایەکی لیکۆڵینەوەی تایبەتمەند بەڕۆژنامەنووسانم کردوە دانیشتنێکیشم کردوە بەنوێنەرایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ستافی پێشووی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەنووسان بەڵام ئەوکات زۆرینەی ستافی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تێبینیان لەسەری ھەبوو".
گووتیشی:"دروست کردنی دادگایەکی تایبەت مەند بۆ ڕۆژنامەنووسان ھاوشێوەی بەغداد زۆر باشە چونکە لەبەغداش دادگایەکی لەو شێوەیە ھەیەو تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە".




