پەرلەمانتارێکی کورد:پێویستە ئەمجارە کورد متمانە بە مالکی نەکات

بەغدا- تایبەت بە kdp.info/ ئەندامێکی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێویستە ئەمجارە کورد متمانە بە بەڵێنەکانی نوری مالیکی نەکات، چونکە زۆرجار بەڵێنی داوە و جێبەجێی نەکردووە.
د.رزگار ئەندامی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بە kdp.infoراگەیاند: نوری مالکی داوای لە سەرکردایەتی کورد کردووە، ئەگەر پشتگیری بکەن، بۆ ئەوەی جاری سێیەم پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێتەوە، داواکارییەکانی کورد جێبەجێ دەکات.
د.رزگار گوتیشی: ماوەی چەند ساڵێکە نوری مالیکی بەڵًێن بە کورد دەدات و جێبەجێیان ناکات، بۆیە پێویستە ئەمجارە کورد وریا بێت و متمانە بە نوری مالیکی نەکات.
د.رزگار گوتیشی: نوری مالیکی دەزانێت لە ھەڵبژاردنەکان نزیک بۆتەوە، بۆیە دەیەوێت پشتگیری لایەنەکان بە دەستبێنێت، بە تایبەتیش کورد و ھەرکاتێک جارێکی دیکە ئەو پۆستەی وەربگرێتەوە، ئەوکات وەکو جارانی پێشوو ھیچ بەڵَێنێکی جێبەجێ ناکات و پشتگوێیان دەخات، ھەر بۆیە پێویستە کورد بە ھیچ شێوەیەک بەم داواکارییەی مالیکی رازی نەبێت.
لە کاتی پێکھێنانی حکوومەتی ئەمجارەی عێراق نوری مالیکی بەڵێنی دابوو داواکارییەکانی کورد جێبەجێ بکات، بەڵام دوای ئەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت، تاوەکو ئێستا ھیچ داواکارییەکی کوردی جێبەجێ نەکردووە.




