پێشبینی دەكرێت تا چەند مانگێكی تر نرخی گەشتی عومرە بگاتە 1800 دۆلار

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەركەوتووە كە رۆژ بە رۆژ و ساڵ بەساڵ خواست لەسەر بەجێ گەیاندنی گەشتی عومرە لە هەرێمی كوردستان زیاد دەكات هەرچەندە لەماوەی سێ مانگی ئەمساڵ زیاتر لە شەش هەزار كەس ئەو سەفەرەیان ئەنجامداوە پێشبینی دەكرێت لە مانگەكانی ئایندە داواكاری و خواست زیاتر بێت و بەمەش نرخی ئەو گەشتە بەرز دەبێتەوە بەپێی وتەی وتەبێژی وەزارەتی ناوبراویش پێشبینی دەكرێت نرخەكە بگاتە دوو هێندەی ئێستا.
مەریوان نەقشبەندی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ kdp.infoسەبارەت بە نرخی گەشتی عومرە لەهەرێمی كوردستان لە ئێستا و داهاتوو گوتی: ئێستا لەهەرێمی كوردستان هاووڵاتیان بە دوو جۆر نرخ گەشتی عومرە ئەنجام دەدەن یەكێكیان كە بەشێوەی راستەوخۆیە بڕی 900 دۆلاری ئەمەریكی تێدەچێت جۆری دووەمیان كە بەشێوەی ترانزێتە و فرۆكەكە بەر لە چوونی بۆ وڵاتی سعودیا دەچێتە وڵاتێكی تر ئینجا دەچیتە سعودیا ئەمەیان بڕی 1000 دۆلاری ئەمەریكی تێدەچێت و ئەو نرخەش بەشێوەیەكی فەرمی دیاری كراوە.
ناوبراو سەبارەت بە گرانبوونی نرخی ئەو گەشتە لە مانگەكانی ئایندەدا گوتی: بەپێ ئەزموونی ساڵانی رابردوومان پێشبینی دەكرێت لە مانگەكانی ئایندەو بەتایبەتی لە مانگی رەمەزان نرخی گەشتی عومرە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بێتەوەو گران بێت و مەزەندە دەكرێت زۆرترین نرخ بگاتە دووهێندەی نرخی ئێستا واتا 1700 بۆ 1800 دۆلاری ئەمەریكی .




