٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆڕبەندی ئابووری نێوان هۆلەندا و هەرێمی كوردستان لە هەولێر دەستی بەكارەكانی كرد

سەرچاوە: AK News

بە ئامادەبوونی شاندێكی حكوومەتى و بازرگانیی هۆلەندا لە شاری هەولێر، كۆڕبەندی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆلەندا بەڕێوەچوو.

لە كۆڕبەندەكەدا كە لە هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی یەكەتیی ژوورە بارزگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، تێیدا ژمارەیەك بازرگان و گەورە خاوەن كۆمپانیاكانی هۆلەندا و هەرێمی كوردستان بەشدارى بوون.

لە سەرەتای كۆڕبەندەكەدا دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكەتیی ژوورە بارزگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان لە گوتەیەكدا رای گەیاند، بەستنی ئەم كۆڕبەندە دەبێتە دەرفەتێكی گونجاو بۆ ئەوەی پێوەندییە هەمە چەشنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆلەندا بەرەوپێش بچێ.

هەروەها روونی كردەوە، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە قۆناغی بنیاتنانە، ئەم قۆناغەش پێویستی بە بەشداریكردنی وڵاتانی خاوەن ئەزموون و گەورە بازرگان و وەبەرهێنەر و كۆمپانیاكانی وڵاتی دنیا هەیە.

زیاتر گوتی، دەكرێ هەرێمی كوردستان لە بواری وزە و كشتوكاڵدا سوود لە ئەزموونی هۆلەندا وەربگرێ، بۆیە ئێمە پێشوازی لە هاتنی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە دەكەین.

لای خۆیەوە حەیدەر مستەفا بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی زانیاری لە دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئێستە ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی دنیایی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بە پێی یاسای ژمارە 4ی وەبەرهێنان مافی وەبەرهێنەرانی بیانی لە هەرێم پارێزراوە و دەرفەتی كاركردنیش بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی رەخساوە.

هاری مولینار باڵوێزى هۆلەندا لە عێراق رای گەیاند، وڵاتەكەى بەنیازە بەشێوەی جێبەجێكردن رۆڵی ئەرێنی خۆی هەبێ لە بەشداریكردن لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان كە ئێستە قۆناغێكی گرینگی بینادانانەوە دایە.

زیاتر گوتى،ئەوان لەمەودوا بەشێوەیەكی بەرچاو هانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەر و بارزگانانیی هۆلەندی دەدەن بۆ ئەوەی روو لە كوردستان بكەن بۆ كاركردن.

ئەبوبەكر لەشكری یەكێك لە بارزگانانی كوردی نیشتەجێی هۆلەندایە بۆ (ئاكانیوز)رای گەیاند، سەردانی شاندی هۆلەندا بۆ كوردستان بۆ ئەوەیە بەچاوی خۆیان دۆخی سەقامگیری سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و بازرگانی لە كوردستان بینن، پێشم وایە بینینی ئەو دۆخە سەقامگیرە دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی كۆمپانیا هۆلەندییەكان بۆ كاركردن روو لە هەرێم بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم شاندێكی حكوومەت و كەرتی تایبەتى هۆلەندا كە پتر لە 20 كەسی لەخۆ گرتبوو بە سەردانێكی 2 رۆژە گەیشتنە هەرێمی كوردستان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار