٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیستى عێراقییە لە كەركووك بە هەر 9 لایەنەكانییەوە پابەندى بە بەرنامە و بڕیارەكانى كۆبوونەوەی نەجەف و هەولێر

سەرچاوە: AK News

دوای ئەوەی دوێنێ ئەنجوومەنى سیاسی عەرەبى لە كەركووك رای گەیاند كە لەگەڵ وەرگرتنەوەى متمانە لە نوورى مالیكى سەرۆك وەزیرانى عێراق نین، ئەمڕۆ چوارشەم سەرۆكی لیستی عێراقییە لە كەركووك دووپاتی كردەوە دەنگ بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی دەدەن و پابەندی داوای ئەنجوومەنەكە نابن.

ئەنجوومەنی سیاسیی عەرەبی كركووك كە بە نەیاری خواستەكانی كورد لە شارەكە و عێراق دێتە ناسین، لە بەیاننامەیەكدا داوای لە نوێنەرانی عەرەبی كەركووك كرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لە دژی مالیكی نەدەن.

لەو بارەیەوە مازن عەبدولجەبار سەرۆكى لیستى عێراقییە لە كەركووك /6 كورسی پەرلەمانی عێراق/ بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ى ڕگەیاند، بەیاننامەكەی ئەنجوومەنى سیاسی عەرەبی لە كەركووك ناتوانێ پاشگەزمان بكاتەوە و دژی مالیكی دەنگ دەدەین، بەڵام ئەوان لە بۆچوونی خۆیان ئازادن و نوێنەرایەتیى خۆیان دەكەن نەك لیستى عێراقییە لە كەركووك،.

زیاتر گوتى، ئەو بەیاننامانەى ئەنجوومەنى سیاسی دەرى دەكات لە كەركووك بۆچوونى هەموو ئەنجوومەنەكە نییە، بگرە هی چەند كەسێكی ناو ئەنجوومەنەكەیە، بەڵام لە كەركووك لیستى عێراقییە نوێنەرى ڕاستەقینەى عەرەبە و ئەوە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن سەلمێنراوە و سازش لە مافی خۆمان ناكەین و بەردەوامین لە كاركردن بۆ وەرگرتنەوەى متمانە لە مالیكى.

"لیستى عێراقییە لە كەركووك بە هەر 9 لایەنەكانییەوە پابەندى بە بەرنامە و بڕیارەكانى كۆبوونەوەی نەجەف و هەولێر لەبارەی لێسەندنەوەى متمانە لە نوورى مالیكى سەرۆك وەزیرانى عێراق و هەر بڕیارێك بدرێ ئەندامانى عێراقییە پێڕەوى دەكەن لە هەر شارێكى عێراق بین، گۆڕانكاری هەنگاوێكى گرینگ و سەرەكییە بۆ گەڕانەوەى ژیانى سیاسی و دیموكراسی بۆ عێراق" سەرۆكی لیستی عێراقییە لە كەركووك وای گوت.

لە 28ى مانگى رابردوو هەریەك لە جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمى كوردستان، موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەك لە سەركردەى لایەنە سیاسیەكان، لە شارى هەولێر كۆ بوونەوە و لە كۆتایدا كارنامەیەكى 9 خاڵییان ئاراستەى نوورى مالیكى كرد و مۆڵەتى 15 رۆژیان بۆ دیارى كرد بۆ وەڵامدانەوەی بەڵام وەڵامی نەبوو، دواتر لە نەجەف كۆبوونەوەیەكی تریان ئەنجامدا و ئەویش وەڵامێكی ئەوتۆی هاوپەیمانی نیشتمانیی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئێستە ئیمزای پێویستی پەرلەمانتاران كە بەهۆیەوە لەسەر داوای چەند لیستێك متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیران عێراق و پاڵاوكی هاوپەیمانیی نیشتمان /شیعە/ لە پۆستە وەردەگیرێتەوە، ئاراستەی سەرۆكایەتیی كۆمار كراوە و بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕوان دەكرێ تاڵەبانی داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان بكا.

هەواڵی پەیوەندیدار