نوجێفی لەگەڵ بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی هەولێر و نەجەف، میكانیزمی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی تاوتوێ دەكات

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی "ئەحرار" یوسف تایی ڕایگەیاند: سەردانەكەی ئەم دواییەی ڕێبەری ڕەوتی سەدر موقتەدا سەدر بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق نوری مالیكی بووە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا.
ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی نەتەوەیی عێراقی ڕاگەیاند بەرپرسانی ئێران هیچ جۆرە كاریگەرییەكیان لە سەر ڕەوتی سەدر نییە بۆ مەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی یان مانەوەی لە پۆستەكەیدا.
یوسف تایی ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە لیستی "ئەحرار"ی سەر بە ڕەوتی سەدر تێڕوانینی خۆی لە بەرامبەر ئەم قەیرانەی ئێستای عێراقدا ناگۆڕێت و سوورە لە سەر هەڵگرتنی هەنگاو بۆ مەبەستی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیرانی ئێستای وڵات.
ناوبراو گوتیشی: دوورخستنەوەی (مالیكی) لە پۆستی سەرۆكوەزیران هیچ جۆرە تەنگژەیەك دروست ناكات.
میكانیزمی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی
هاوكات ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ئەلعێراقییە ئەحمەد ئەلمەساری ڕایگەیاند سەرۆكی پەرلەمانی وڵات ئوسامە نوجێفی لەگەڵ بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی هەولێر و نەجەف باس لە كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان و میكانیزمی وەرگرتنەوەی متمانە لە (مالیكی) دەكات.
ناوبراو بە ئاژانسی هەواڵی "نینا"ی ڕاگەیاند: ئوسامە نوجێفی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانی كوردستانی، لیستی ئەحرار، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق قسە دەكات، بۆ مەبەستی تاوتوێكردنی كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی وڵات و شێوازی وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران.
ئەلمەساری ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی كۆتایی هاتووە، بەڵام تا ئێستا ڕۆژێك دیاری نەكراوە بۆ ئەوەی تیایدا ئەندامانی پەرلەمان بانگهێشت بكرێن بۆ ئەوەی دەنگ لە سەر وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیران بدەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەیش كرد، كە پاش كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی مالیكی هاوپەیمانێتی نیشتمانی كەسێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دیاری دەكات.




