٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندى باڵاى مه‌كته‌بى سیاسى (پ.د.ك) و (ی.ن.ك) سه‌ردانى ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى و مه‌كته‌بى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامیان له‌ هه‌ولێر كرد

سەرچاوە: KDP.info

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى شاندى باڵاى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ شارى هه‌ولێر سه‌ردانى ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى و مه‌كته‌بى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامیان له‌ شارى هه‌ولێر كرد.

له‌ دیدارێك دا باس له‌ بارودۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرا، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌ باره‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان له‌ واده‌ى خۆى كرا .

سه‌باره‌ت به‌ واده‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم ، شاندى پارتى دیموكراتى و یه‌كێتى نیشتمانى پێشنیازیان كرد گفتوگۆى زیاترى له‌ سه‌ر بكرێ و سازانى هه‌موو لایه‌كى له‌ سه‌ر بێت.

لاى خۆشیه‌وه‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى هاوڕابوو له‌سه‌ر پێویست بوونى ئه‌نجام دانى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ واده‌ى خۆى دا و سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازى شاندى باڵاى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى و پارتى دیموكراتى كوردستان، كۆمه‌ڵى ئیسلامى بڕیارى دا گفتوگۆى زیاتر له‌وه‌ باره‌وه‌ ئه‌نجام بدات و پاشان هه‌ڵوێستى خۆى ڕِابگه‌ینێ.

شاندى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى ، له‌ فازل میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان و مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێرى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان پێك هاتبوون، هه‌روه‌ها شاندى كۆمه‌ڵى ئیسلامیش له‌ مامۆستا عه‌لى باپیر ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى و محه‌مه‌د ساڵح و بیلال سلێمان و تۆفیق كه‌ریم، ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى پێكهاتبوون.

هەواڵی پەیوەندیدار