٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەكەلار، بەئامادەبون و چاودێری جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، فیستڤاڵی گەنجی ساڵ سازكرا

سەرچاوە: KDP.info

لە ژێر دروشمی رابردوو بۆ ئێمە قەدەر بوو، ئایندە ئەرك و تەكلیفە چونكە لەدەستی ئێمەیە.

بەئامادەبوون و لەژێرچاودێری دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكەمین فیستڤاڵی گەنجی ساڵ و هاوكارانی راگەیاندن كە لەلایەن سەنتەری هەواڵ بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و سەنتەری گەرمیان بۆ راپرسی بۆ پارێزگای كەركوك ئیدارەی گەرمیان ساز كرا،

سەرەتای ئەو رێورەسمە كە راوێژكاری سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی حزبی و حكومی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ئامادەی بوون،بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد، پاشان وتاری هاوبەش لەلایەن چالاك نجم پێشكەش كرا و دواتر دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە وتاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی پێشكەش كرد و ئەوەی خستە روو لاوان و گەنجان دەبێ وەك هەمیشە چاوكراوەو شورەی پۆڵایین بن بۆ رووبەرووبونەوەی بیری رەگەزپەرستی و باڵانماییكردنی حوكمی تاكرەوی، بۆئەوەی ئەو پێشهاتە سیاسیانەی لە ئارادایە، بۆ بەرژەوەندی گەل و نەتەوەی كوردستان بێت.

هەروەها رای گەیاند پێویستە لەسەرمان كار بۆ دروستكردنی مرۆڤی كورد لە هەموو بوارەكان دا بكەین چونكە بۆمان دەركەوتووە تەنها بە تێكۆشانی گەنج و لاوەكانمان، كوردستان سەردەكەوێت و ئایندەی گەشتر و رووناكتر دەبێت.

پاشان ووتاری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و وتاری فیستڤاڵ پێشكەشكرا و گروپی دەفی گەنجانی كەلار نمایشێكی دەف و گۆرانیەك یان پێشكەشكرد كە مایەی رەزامەندی ئامادەبوان بوو دواتر خەڵات بە خشرایە ئەو كەسایەتیانەی لەدەست نیشانكردنی گەنجی ساڵ هاوكار بوون و دواتر خەڵاتی هاوكاری راگەیاندن بەژمارەیەك كەسایەتی دیاری ناوچەكە بەخشرا ئینجا خەڵاتی گەنجی ساڵ بەزیاتر لە چل گەنجی دەڤەری گەرمیان بەخشرا كە لەبوارەكانی سیاسی و رۆشنبیری و مافەكانی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنی و شانۆ و رۆژنامەنووسی و چیرۆكنوسی و چەندین بواری تردا رۆڵی بەرچاویان بینیوەو بە شایستە دەست نیشان كراون، هەر لەرێورەسمی دابەشكردنی خەڵاتەكانیش جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشنیاری كرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە خەڵاتێكی شایستە هەموو خەڵاتكراوان بەسەر بكاتەوەو پەیكەرێكی شایستەش بۆ شاعیری گەورەی كورد لەتیف هەڵمەت لەیەكێك لەشەقامەكانی گەرمیان دابنرێت كە بەچەپڵەرێزانی ئامادەبوان پێشوازی لەو پێشنیارە كرا.

ئەمەش دەقی وتارەكەی دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

 

لەژێر دروشمی بەداواكانتان دەڵێین بەڵێ بەرەخنەكانیش تان دەڵێین قبوڵە، هەرچەندە دەبینین و خۆشحاڵین كە پێشكەوتنێكی زۆر بەرچاو لەكەلار بە تایبەتی و ناوچەی گەرمیان بەگشتی هەیە، بەڵام هیوادارین لەئایندەیەكی نزیك كەموكوریەكانیش چاك بكەین، چونكە ئێوە شایستەن.

 

میوانە بەرێزەكان

گەنج و لاوە بەهرەمەندەكانی كوردستان

گەرمیانیە كۆڵنەدەر و خۆشەویستەكان

خوشكان برایان

لاوانی كوردستان

 

بەناوی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەناوی گشت قەوارە سیاسیەكانی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان سڵاو بۆ دەڤەری گەرمیان و شۆڕشگێران و تێكۆشەرانی

 

سڵاو بۆ منداڵە بێ باوك و ئەنفالكراوەكان سڵاو بۆ كەسوكاری شەهیدان و شەهیدانی ئەنفال و سڵاو بۆ بەهرە و هونەری بەرزی گەرمیان سڵاو بۆ ئێوەی خۆشەویست.

 

خۆشحاڵ و بەختەوەرین لێرە لەم بۆنەیەدا ئامادە دەبین، بۆرێزلێنان لەژمارەیەك گەنج و لاوی ئەم دەڤەرە هەمیشە لەدڵ نزیك و كۆڵنەدەرە.

 

دەڤەری گەرمیان، لەبزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەماندا، مانا و دەلالەتی مەزنی هەیە، بەهێز و توانای جوامێرانەی پێشمەرگە و تێكۆشەرانی، بە نووسەر و ئەدیب و هونەرمەند و كلتور و بزاڤی بێ وچانی، بەرۆحی مقاوەمەت و گیانی بەرزە فڕی شەهیدە نەمر و سەربەرزەكانی ، وەك ناوچەكانی تری كوردستان لەرووی درندەترین زوحاكی سەردەم، رژێمی بەعسی فاشی و دیكتاتۆریەت وەستاو، دوژمنانی كوردی بەچۆك دادا.

ئەمرۆ لەباوەشی ئازادی و دیموكراسی دا، لەژێر سایەی پەرلەمانی كوردستان و حوكمڕانی دیموكراسی هەرێمی كوردستان كە مایەی هیوای نەتەوەی كورد و مرۆڤ دۆستانە، لە فستڤاڵی گەنجی ساڵ لەپاڵ یادەوەریەكانی ئادار و نەورۆز، یادی ئەو تاوانە نێودەوڵەتیەش دەكەینەوە كە رێورەسمی لەچەند رۆژی ئایندە بۆ بەرز رادەگیرێت كە دەرحەق بەخەڵكی سڤیل و بێ دیفاعی كوردستان بەگشتی و ئەم دەڤەرە رەنگین و مرۆڤ دۆست و ماندوو نەناسە بەتایبەتی دەكەینەوە.

لەجێگەی خۆی دایە لەئامێزی ئەم فیستیڤاڵەشدا، یادی سەركردە دیار و بەرچاوەكانی دەڤەری گەرمیان، لەسەرویان سەركردەی تێكۆشەری نەمر كاك جەوهەر نامیق یەكەمین سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەرز و پیرۆز رابگرین كە وەك ئێوە لەسەرەتای لاوێتیەوە توانا و بەهرە بەرچاوەكانی بۆ خزمەتی كورد و كوردستان كردە مەشخەڵی تێكۆشان و پێشكەوتن و خزمەتكردنی رێبازی كوردایەتی.

 

ئەمرۆ لەسایەی سەركەوتنی ئەزموونی خۆبەرێوەبردن و پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیی و سەقامگیری و ئاوەدانی و گەشەپێدان، لەهەوڵدانین بۆ ئەوەی تەواوی چین و تویژەكان بە تایبەت گەنج و لاوەكان هەنگاو بە هەنگاو لەسەر پێی خۆیان بوەستن و لەبوارە مەعریفی و زانستی و پیشەییەكان دا كاری جیدی بكەن و رۆڵی خۆیان بەتەواوی ببیننەوە تاوەكو سبەی لەرۆژگاری ئاوەدانی و پێشكەوتنی ئەو هەرێمە سەقامگیرەدا رۆڵی سەركردانە و بەرچاوی خۆیان ببینن

 

بەرێزان

دەخوازین وەك هەمیشە چاوكراوەو شورەی پۆڵایین بن بۆ رووبەرووبونەوەی بیری رەگەزپەرستی و باڵانماییكردنی حوكمی تاكرەوی، بۆئەوەی ئەو پێشهاتە سیاسیانەی لە ئارادایە، بۆ بەرژەوەندی گەل و نەتەوەی كوردستان بێت.

پێویستە لەسەرمان كار بۆ دروستكردنی مرۆڤی كورد لە هەموو بوارەكان دا بكەین چونكە بۆمان دەركەوتووە تەنها بە تێكۆشانی گەنج و لاوەكانمان، كوردستان سەردەكەوێت و ئایندەی گەشتر و رووناكتر دەبێت.

 

هەمیشە مێشكی لاوان و تواناكانیان پرۆژەی نەتەوەیی ئامادەن بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو تەحەدیی و ئاستەنگانەی دێنە پێش و ئومێدیش هەر لەگیانی ئەوان دایە، بۆ ئەوەی تێكەڵ بە خەبات و ئەزموونی چەندین ساڵەی تێكۆشەرانی گەلی كوردستان بن و بەرەو پێشەوەی ببەن، چونكە لاوان شوورەی پۆلاِیین و گەرەنتی سەركەوتن و سەقامگیری كوردستانن دەتوانن بریاری پێویست وەربگرن لەسەر هەموو ئاستەكان چونكە نەوەیەكی هوشیار و هێزێكی لەبن نەهاتووی كاریگەرن و بەرپرسن لەئاراستەكردنی كۆمەڵگە بەرەو بنیادنان و ئاوەدانی.

 

خەباتی گەلەكەمان لەعێراقی نوێ بە قۆناغێكی هەستیار تێپەڕ دەبێت، بۆ پاراستن و گەشەپێدانی ئەو دەسكەوتانەی بەخەبات و فرمێسك و قوربانیدان و خوێنی شەهیدان هاتۆتە دی لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستیمان بەوزە و توانای لەبن نەهاتووی گەنج و لاوەكانی كوردستانە دەخوازین رۆڵی دیاری خۆتان لەهۆشیاركردنەوەی تاكەكان و گەیاندن پەیامی یەكریزیی ببینن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بیركردنەوەو هەست كردن بەلێپرسراوێتی لەناو گەنجان و پتەوكردنی یەكریزی گەلەكەمان لەخەبات و روبەرووبونەوەی تەحەدیاتەكان دا لەپێناو دامەزراندنی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و چەسپاندنی تەواوی دەسەڵاتی یاسایی و دابینكردنی یەكسانی دادپەروەری.

لەكۆتاییدا سوپاسی سەنتەری هەواڵ بۆ كاروباری راگەیاندن و سەنتەری گەرمیان بۆ راپرسی دەكەین بۆ سازدانی ئەم فیستڤاڵە سوپاسی گەرمی ئیدارەی گەرمیان دەكەین بۆ هاوكاری كردنی و بەرێوەچوونی ئەم فیستڤاڵە

دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و هەر سەربەرز و سەرفراز بن

هەواڵی پەیوەندیدار