مەهەپە و جەهەپە لە كومیتەی عەقڵمەندان رازی نین

تورکیا- KDP.info/ دوابەدوای دەستنیشان كردنی ئەندامانی كۆمیتەی عەقڵمەندان كە بە مەبەستی پشتگیریكردن لە چارەسەركردنی پرسی كورد و خۆش كردنی زەمینە بۆ چارەسەری ئەم پرسە لە لایەن سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغانەوە دەستنیشان كران، هەر یەك لە پارتییەكانی مەهەپە و جەهەپە رەخنەی توندیان ئاراستەی ئەم كۆمیتە كرد.
لەمبارەیەوە سەرۆك گرووپی مەهەپە لە پارلەمانی توركیا ئوكتای ڤوراڵ رایگەیاند كە ئەندامانی ئەم كۆمیتەیە هەر هەموویان كۆنە سۆسیالیست و كۆنە كۆمونیستن و نە تەنیا ناتوانن هیچ سودێك بگەیننە كۆمەڵگەی توركیا بەڵكو تەنیا كارێك كە دەكەن گەوجكردن و هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی توركیایە.
لە لایەكی دیكەیشەوە جەهەپە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەندامانی كۆمیتەی عەقڵمەندان ناتوانن هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی بن، چونكە لە لایەن سەرۆك وەزیری توركیاوە دەستنیشان كراون و بۆیە ناچار دەبن كە بە پێویست و داواكاری سەرۆك وەزیری توركیا هەڵسوكەوت بكەن.
بەدەپەیش رەخنەی خۆی هەیە و دەڵێت: ئێمە نازانین كە ئەم كۆمیتەیە چۆنە كار و چالاكییەكانی خۆی بەرێوە دەبات و سەر بە كێ دەبێت؟
پارلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان گوتی: دامەزراندنی ئەم كۆمیتەیە شتێكی راست و ئەرێنییە، بەڵام پێویستە كار و چالاكییەكانی ئەم كۆمیتەیە ئاشكرا بكرن.




