دانیشتوانی ناوچەی روبوسكی و هێزەكانی سوپا دووبارە بە شەڕ هاتن

کوردستانی باکور- KDP.info/ رۆژی چوارشەممە دانیشتوانی ناوچەی روبوسكی بۆ جارێكی دیكە لەگەڵ هێزەكانی سوپای توركیا لە سەر سنووری نێوان باكوور و باشووری كوردستاندا بە شەڕهاتن.
لەم بارەیەوە میدیاكانی توركیا ئاماژەیان بەوە كرد كە ژمارەیەك جوانی دانیشتووی ناوچەكە بە مەبەستی كڕینی نەفت و گازوایل بە شێوەیەكی قاچاخ هاتوونەتە نێو خاكی باشووری كوردستانەوە و كەسوكارەكانیان ماوەیەكە هەواڵیان نازانن و لەوە دەترسن كە سوپای توركیا جارێكی دیكە هێرشی كردبێتە سەر ئەم گەنجانە و ئەوانیشی كۆشتبێت.
لە كاتی هاتنی دانیشتوانی ناوچەكە بۆ سەر سنوورەكان، سوپای توركیا رووبەرووی خەڵك بوویەوە و مۆڵەتی نەدا كە خەڵك بەرەو سنوورەكان بەرەو پێشەوە بچێت هەر بۆیە شەڕ لە نێوان هەردوو لادا رووی دا، بەڵام شەڕ نە شەڕی تەقە تفەنگ بوو، بەڵكو شەڕ شەڕی شەق و زللە بوو و دانیشتوانی ناوچەكە بە دڵی خۆیان لە هێزەكانی سوپا بە تایبەتی لە فەرماندەی هێزەكانی سوپایان دا.
بەڵام دواتر بە هۆی هاتنی هێزی دیكەوە و بارودۆخەكە هێوركرایەوە و سوپا بۆ دانیشتووەكانی ناوچەكە سەلماندی كە جوانەكانیان زیندوون و دەگەڕێنەوە.




