ڕەتكردنەوەی ڕاپۆرتە هەواڵێكی رۆژنامەی هاوڵاتی

لە لاپەڕە 2ـی رۆژی چوار شەممە 3-4-2013ی رۆژنامەی هاوڵاتیدا راپۆرتە هەواڵێكی سەبارەت بە خۆپیشاندانی سوننەكان بڵاوكراوەتەوە.
بەر لە هەموو شتێك ڕایدەگەیێنین كە سەرلەبەری ئەو ڕاپۆرتە دوور لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكی نییە و بە توندی ڕەتی دەكەینەوە. هەروەك بۆ گشت لایەكیش ئاشكرایە هەرێمی كوردستان خاوەنی ئیرادەی سیاسیی و سەروەریی خۆیەتی و ڕاسپاردە لە هیچ لایەك وەرناگرێت. جگە لەوەیش هەرێمی كوردستان هەردەم فاكتەری سەقامگیری و ئاشتەوایی و لێكنزیككردنەوەی پێكهاتەكانی عێراق بووە.
بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر بە ڕاشكاوی ڕایانگەیاندووە كە كوردستان نابێتە بەشێك لە ململانێی تائیفیی نێو پێكهاتەكانی عێراق. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا پشتگیریی داواكارییە دەستووری و یاساییەكانی خۆپێشاندەرانی كردووە وەك مافێكی سەرەتایی هاووڵاتیانی عێراق.
هیوامان وا بوو، میدیایەكی كوردیی وەك رۆژنامەی هاوڵاتی، پیشەییانە بە ئەركی خۆی هەڵسابا و، لە جیاتی ئەوەی وێنەیەكی موخابەراتی بۆ خۆی دروست بكات و پەنا بۆ شتی نادیار و بێبنەما ببات پشت بەو سەرچاوانە ببەستێت كە هەڵقوڵاوی ئیرادەی گەلی كوردستان و هەڵوێستی فەرمی و هاوبەشی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانن .
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
3-4-2013




