سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ساڵیادی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی "خه‌بات" پیرۆز ده‌كات

به‌ناوی خوای مه‌زن و میهره‌بان
به‌ڕێزان سه‌رنووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كارمه‌ندانی رۆژنامه‌ی خه‌بات- ی خۆشه‌ویست
سڵاو و ڕێز. به‌بۆنه‌ی 54 ساڵه‌ی به ئاشكرا ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی خه‌باتی خۆشه‌ویسته‌وه گه‌رمترین پیرۆزبایی و ده‌ست خۆشیتان لێده‌كه‌م بۆ هه‌وڵ و ماندووبوونتان له پێناو گه‌یاندن و به‌رز راگرتنی ئه‌و په‌یامه پیرۆزه‌ی رۆژنامه‌كه‌تان له‌سه‌ری ده‌ڕوات، كه خۆی له په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا ده‌بینێته‌وه.
رۆژنامه‌ی خه‌بات به درێژایی قۆناغه جیاجیاكان داكۆكیكارێكی به‌هێزی مافه ره‌واكانی گه‌لی كوردستان بووه و رۆڵێكی به‌رچاویشی له بڵاوكردنه‌وه‌ی هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی و بنیادنانه‌وه‌ی مرۆڤی كورد و خستنه‌رووی پێداویستی و مافه‌كانی هاووڵاتیانی كوردستان بینیووه. هاوكات قوتابخانه‌یه‌كیش بووه بۆ به‌شێكی زۆری رۆژنامه‌نووسان، كه ئه‌مڕۆ له بزاڤی رۆژنامه‌نووسی كوردستاندا جێ ده‌ستیان دیاره.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه داواتان لێده‌كه‌م وه‌ك چۆن جێگه‌ی رێزی خوێنه‌ران بوونه، هه‌میشه به پیشه‌ییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ره‌وش و پێشهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه و جیهان بكه‌ن و بۆ روونكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كان و داكۆكی كردن له ده‌سكه‌وت و ئامانجه‌كان سه‌نگه‌رێكی پته‌و بن.
جارێكی دیكه پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و به سوود وه‌رگرتن له‌و ئازادییه رۆژنامه‌گه‌رییه‌ی له سایه‌ی خوێنی شه‌هیدانی كورد و كوردستان هاتۆته‌دی هیوای سه‌ركه‌وتن و گه‌شه‌كردنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم. هه‌ر شاد و سه‌ركه‌وتوو بن.
مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
3/4/2013




