سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی قوتابیانی پەیمانگای دیبلۆماسی ڤیەننای كرد

ئەمڕۆ چوار شەممە 3- 4- 2013 لە سەلاحەددین بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی قوتابیانی پەیمانگای دیبلۆماسی ڤیەننای كرد.
لەسەرەتای دیدارەكە لەگەڵ بەڕێز سەرۆك مسعود بارزانی شاندی قوتابیانی پەیمانگای دیبلۆماسی ڤیەننا وێڕای دەربڕِینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانی هەرێمی كوردستان و بینینی ڕەوشی ئارامی و هێمنی و پێشكەوتن لە هەرێمی كوردستان، سوپاسی سەرۆك بارزانی-یان كرد بۆ بەخشینی كاتی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ شاندەكە.
دواتر سەرۆك بارزانی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و وەك ئاماژەیەك بۆ مێژووی سیاسیی كوردستان و عێراق، چەند قۆناغێكی مێژوویی سیاسی نەتەوەیی كورد و دەوڵەتی عێراقی بۆ قوتابیانی پەیمانگای دیبلۆماسی ڤیەننا شیكردەوە و لەبارەی كێشەكانی ئێستای عێراقەوە، سەرۆك بارزانی بە شاندەكەی راگەیاند، كێشەی بنەڕەتیی ئێستای عێراقدا، پابەندنەبوون و جێبەجێنەكردن و پێشێلكردنی دەستوورە لەلایەن حكوومەتی بەغداوە. سەرۆك بارزانی هیواشی خواست كە قوتابیان بتوانن واقیعی سیاسی و مێژوویی كوردستان بگوزانەوە و ببێتە بەشێك لە گفتوگۆ و چالاكییە ئاكادیمییەكانیان لە نێو پەیمانگای دیبلۆماسی ڤیەننا.
لەبەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا شاندی میوان داوایان لەسەرۆك بارزانی كرد، گفتوگۆیەكی كراوە ئەنجام بدەن و چەندین پرسیار و تەوەریان لەگەڵ سەرۆك بارزانی باسكرد و بەڕاشكاوی لەلایەن بەڕێزیانەوە وەڵامدرانەوە




