د. دیندار زێباری: ژمارەی پەنابەرانی سوریا لەهەرێمی كوردستان گەیشتە110.347 پەنابەر

د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕایگەیاند لەئێستادا تێكڕای ژمارەی پەنابەران لە عیراق گەیشتۆتە 117.015 پەنابەر وە لەكۆی ئەو ژمارەیە 110.347 پەنابەر لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن. دواتر ئاماژەی دا بەچۆنیەتی دابەشبوونی پەنابەران لەهەرسێ شارەكانی دهۆك، هەولێر و سلێمانی كە بەشێوەیەك دهۆك 78.015 پەنابەر كەبەشی زۆری لەكەمپی دومیزە بەڕێژەی 69.535 پەنابەر، هەولێر 23.829 وە سلێمانی8.085 پەنابەر. هەروەها دوو كەمپەكەی ئەلقەییم لە پارێزگای ئەنبار كەیەكێكیان 1.841 پەنابەر وە دووەمیان 2.540 پەنابەری لێیە، هاوكات كەمپی سێ یەمیش كە تازە دروستكراوە لەتونای دا هەیە كە 5000 پەنابەر لەخۆ بگرێت. لەبەشێكی دیكەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكە دا د. دیندار گوتی: لەئێستادا رۆژانە نزیكەی 800 پەنابەر دەگەنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان ئەمەش وای كردووە كەمپەكە قەرەباڵغی زۆری تێ بكەوێت و ببێتە هۆكار بۆ هاتنەكایەی پشێوی و ئاڵۆزی لەنێوان پەنابەرانی ناو كەمپەكە بەهەزاران خێزان لەناو خێوتەكان بەیەكەوە بژین.
لەلایەكی دیكەوە باسی لەوە كرد كە بەشی زۆری پەنابەران خەڵكی شاری حەسەكەن وە وەبەشی زۆری كوردەكان خەڵكی قامیشلۆن ئەمە جگە لەوەی بەشێكی دیكەی پەنابەران خەڵكی شارەكانی دیكەی وەك دیمەشق و ئەلیپۆن. پاشان تیشكی خستە سەر پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانی ناو كەمپی دومیز كە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی پەنابەران كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بەهاوكاری ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی دیكەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران هەستاوە بە دابین كردنی پێداویتسیەكانی وەك گەیاندنی تۆڕی ئاو و كارەبا دابین كردنی شوێنی حەوانەوە.
جێگای باسە لەسەرەتای ساڵی 2012 بەهۆی نالەباری و تێكچوونی باری ئەمنی لەسوریا ژمارەیەكی زۆری پەنابەران ڕوویان لەووڵاتەكانی توركیا و ئەردەن و لوبنان و عیراق كردووە بەمەش لەهەرێمی كوردستان، ڕێكخراوی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بەهاوكاری دەزگا حكومییە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم و ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان لەهەوڵی بەردەوام دان بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییەكان بە پەنابەران.




