٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لەڕاپۆرتێكدا KDP.infoهۆكارو شكستی ئیخوان موسلمین لە ئیدارەكردنی میسر دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

ئاسۆ عەلی : ئیخوان نەیتوانی بانگەشەی پێش دەسەڵات بوونی فەراهەم بكات

عارف قوربانی : ئیخوان ئەزمونێكی كەمی هەبووە لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كەوتە قەیرانێكی قوڵەوە

حاكم ئەحمەد : میسرییەكان ئامادەنین لە پێناوی ئازادی خۆیان مل بۆ ئیخوان و هێزی دیكە كەچ بكەن

ڕاپۆرتی : كارزان هەورامی

چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هۆكاری شكستی ئیخوان موسلمین لە میسر دەخەنەڕوو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن درێژەكێشانی قەیرانی سیاسی لەو وڵاتە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئایندەی سیاسی ئیخوان و ئیدارەكردنی وڵات.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 كۆتایی بەدەسەڵاتی حوسنی موبارەك هێنرا دواتر لە هەڵبژاردنێكی ئازادا میسرییەكان توانیان دەنگ بەو حزب و لایەنە سیاسییە بدەن كە خۆیان باوەڕیان پێی هەیە، ئەوە بوو لە ساڵی 2012 هەڵبژاردنی گشتی لە میسر ئەنجامدار لەو هەڵبژاردنەدا ئیخوانەكان توانیان زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنن و پاڵێوراوی ئەوانیش بۆ سەرۆكی میسر "محەمەد مورسی" توانی بەسەر "ئەحمەد شەفیق" ی ركابەری سەركەوێت، دوای ساڵێك لە پێكهێنانی حكوومەتی میسر هێشتا ئەو وڵاتە لە قەیرانی سیاسی دەرنەچووە، بە جۆرێك خۆپیشاندان تا ئێستەش درێژەی هەیە و هێزە ئەمنییەكان بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندان دەدەنەوە و لە رووی داراییەوە میسر زیانێكی زۆری بەركەوتووە، تائێستەش مەسەلەی باڵی سەربازی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە یەكلانەبۆتەوە، هەریەكیان داوای دەسەڵاتی تایبەتی دەكەن، لەلایەكی دیكەوە بەرتەسك كردنەوەی ئازادی خەڵكی میسر و هێرشكردن بۆ سەر باڵیۆزی وڵاتان لەو وڵاتە بەردەوامی هەیە و متمانەی وڵاتەکانییش بە حكوومەتی ئێستای میسر كەم بۆتەوە.

 ئاسۆ عەلی چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی بۆ KDP.infoگوتی: "لایەنێكی سیاسی پێش چوونە دەسەڵات و دوای چوونە دەسەڵاتی دوو دۆخی جیاوازن لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن و بوون و دەرەوەی دەسەڵاتدا دروشم بەرزبكەیتەوە و داواكارییەكانی خەڵك بكەیتە مەبدەئت، بەڵام لە دەسەڵاتدا ماهەیت و توانای جێبەجێكردنی داواكان روون دەبێتەوە و هێزی سیاسی ناتوانێت گرەوی ئەوەی لەسەر بكەیت كە ئەگەر هاتە دەسەڵاتیش بەهەمان شێوە بێت".

گوتیشی: "ئەوەی لە ئیخوان دەبینرێت ڕێك ئاوایە لە پێش دەسەڵات خەونێكی گەش و جوانیان بۆ خەڵك دادەنا، بەڵام كە چوونە دەسەڵات لە ژێر كاریگەری ئایدۆلۆژیایەكی ئاینكراوا دۆخێكی بۆ هێناونەتە ئاراوە، لە جیاتی ئەوەی ئازادی بهێنە ئاراوە، هاتوون چوارچێوە بۆ ئەو خەونە دروست دەكەن، ئەوەش وای كردووە كە بارودۆخی میسر تێكبچێت و باری ئەمنی خراپ ببێت".

هاوكات لەگەڵ ئەوەی كە ئیخوان موسلمین لە میسر تووشی قەیران بووە لە هەمان كاتدا رووبەڕووی فشارێكی جەماوەری بۆتەوە لە هەندێك لە شارەكانی میسر ئەندامەكانیان دەگیرێن و هێرش دەكرێتە سەر بارەگاكانیان لە كاتێكدا هەر ئیخوان بووە لەو ناوچانە ڕێژەی %88ی دەنگی بە دەستهێناوە، یەكێك لە كاندیدەكانی ئیخوان لە ئەسكەندەریە بە دەستی خۆپیشاندەران سوتێنرا، بەپێی راپۆرتی "ڕۆیتەرز" لە هەڵبژاردنی سەندیكاكانی میسر ئیخوان زۆر دەنگی كەمی كردووە تەنانەت بووەتە هێزی چوارەم، عارف قوربانی چاودێری سیاسی و رۆژنامەنووس لەو بارەوە بۆ KDP.infoگوتی: "مەسەلەی ئیخوان دوولایەنەیە، یەكەم لەبەر ئەوەی ئیخوان كەپتێكی خراپیان لەسەربووە و لە مێژوودا فشاریان لەسەر بووە، دواتر جەماوەری میسر دەرفەتێكیان پێدان و دەنگیان هێنا، بەشی دووەمی بابەتە ئەوەیە كە ئەم هێزە ئەزموونیان لە بەڕێوەبردنی حوكم نەبووە لە رابردوودا، بۆیە كاتێك دێنە سەر دەسەڵات ئەو كاتە فەلسەفەی سیاسی ئەوان رەنگدەداتەوە لە ئیدارەكردنی وڵات، بۆیە لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات هەر زوو كادیر و ئەندامانیان لە سیاسەتی حزبەكەیان و ئەوانەش لە دژی دەسەڵاتی موبارەك بوون لە سیاسەتی ئیخوان تێگەیشتن".

گوتیشی "ئێستە ئەوانەی دەنگیان داوە بە ئیخوان ئەگەر پەشیمانیش نەبن ئەوە تێگەیشتوون لەوەی كە ئیخوان ئەوە نەبووە كە پێش وەرگرتنی دەسەڵاتی بانگەشەی كردووە".

هەینی رابردووش خۆپیشاندانێكی گەورە لە ژێر دروشمی "ئازادی" لە لایەن خەڵكی میسرەوە بەڕێوەچوو كە ژمارەی خۆپیشاندەرانلە 700 هەزار کەس تێپەڕی كرد و هاوكات چەند لایەنگرێكی كەمی ئیخوانیش بۆ پشگیریكردنی دەسەڵات هاتبوونە سەر شەقام، بەپێی قسەی هەندێك لە ئاژانسەكان چەند شارێكی میسر هەر بە ناو حكوومەت دەسەڵاتی تێیاندا هەیە، لە ڕاستیدا دەسەڵات بە دەست خەڵكەوەیە.

هەر لەم بارەوە حاكم ئەحمەد ئەنوەر ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشان بۆ KDP.infoگوتی "میسر وڵاتێكی گەورەیە و ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی هەیە من خۆم سەردانی ئەو وڵاتەم كردووە، بارودۆخێكی خراپی ئابوری هەیە، دوای نەمانی دەسەڵاتی موبارەكیش ئیخوان موسلمین وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن توانیان بێنە سەر دەسەڵات، بەڵام لە یەكەم هەنگاوەوە شكستیان هێناو نەیان توانی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكان نەخشەیەكی روون و دروست بۆ وڵاتی میسر دابڕێژن، راستە ئەوان توانیان نوێنەری سەرۆكی خۆیان هەڵبژێرن، بەڵام نەیان توانی ئەو ئەجێندایەی خۆیان بپارێزن كە وایان بانگەشە كردبوو هەڵگری پەیامی دیموكراتین".

ئەوەشی خستەڕوو كە هەوڵی ئیخوان بۆ دەسەڵاتی خۆیی و گوێ نەگرتن بۆ رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بۆ داڕشتنەوەی دەستور و هەوڵدان بۆ خۆسەپاندنی خۆیان و مل نەدان بە رەخنەكان، ئیخوانی بەرەو رێگایەكی تاریك برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی "دەیلی نیوز" جگە لەوەی ئیخوان نەیتوانیوە مەسەلەی بوژانەوەی دارایی میسر لە ئەستۆ بگرێت لە هەمان كاتدا قەیرانی بازرگانی لە وڵات سەری هەڵداوە و بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی بیانی لەو وڵاتە كارەكانی خۆیان راگرتووە، ئەوەش وای كردووە كە سەرۆكی میسر داوای كردووە كە چەند پسپۆڕێكی ئابوری ڕێگا چارەیەكی گونجاو بۆ ئەو بابەتە بدۆزنەوە، حاكم ئەحمەد لەو بارەوە درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت "كاتێك بارودۆخی ئەمنی لە وڵات تێكبچێت و نائارمی سیاسی هەبێت كاریگەری راستەوخۆ دەكاتە سەر بازرگانی و ئیكۆنۆمی وڵات هەروەكو ئەوەی ئێستای میسر تێیدایە ".

لە درێژەی ئەو ناڕەزاییانەی كە لەدژی ئیخوان دەگیرێتەبەر بە پێی راپۆرتی دەزگا هونەرییەكان لە ماوەی یەك مانگی رابردوو 44 خۆپیشاندانی گەورە لەلایەن هونەرمەندان و رۆشنبیرانی ئەو وڵاتەوە دژی دەسەڵاتی ئیخوان گیراوەتەبەر لە زانكۆكانیدا هیچ ئەندامێكی ئیخوان لە ترسی رووبەڕوو بوونەوەی رەخنەی توند نەیان توانیوە لە سیمینارەكان بەشدار ببن حاكم ئەحمەد كە یەكێكە لەو كەسانەی خۆی سەردانی وڵاتی میسری كردووە دەڵێت " ئەو دیاردەیە زۆر راستە، ئێستا میسر بەشێك لە یەكێتی ئەفەریقا سروشتی ئەفەریقا وایە كە ئازادن لە دەربڕینی ناخیان بە هەرشێوەیەك بێت یان یاخین لە كۆت و بەند بۆیە میسرییەكانیش ئێستا نایانەوێت بكەونە ژێر كۆت و بەندێكەوە كە دەسەڵاتێكی ئایدۆلۆژی ئاینی فكر بەرتەكسیان بكاتەوە. بۆیە دەبینین لە یەكەم رۆژی دەست بەكاربوونی ئیخوانەوە رووبەڕووی تەواوی رۆشنبیران و هونەرمەندان بۆتەوە و خەڵكی میسریش نایانەوێت ئەو ئازادییەی خۆیان بە ئیخوان و دەرەوەی ئیخوانیش بگۆڕنەوە".

ئاماژەی بۆئەوەش كرد ئەگەر هاتوو ئیخوان نەتوانن دووبارە پێداچوونەوە بە خۆیاندا بكەنەوە ئەوە دوور نییە رووبەڕووی شكست ببنەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار