٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فەرەج حەیدەری: لەماوەی شەش مانگدا دەتوانین هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە عێراقدا ئەنجام بدەین

سەرچاوە: Hewler

سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رایگەیاند ئەگەر ماوەی كاركردنیان درێژ بكرێتەوە بە هەبوونی بودجەی پێویست و یاسای هەڵبژاردنەكان، دەتوانن لە شەش مانگدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە عێراقدا ئەنجام بدەن.

فەرەج حەیدەری لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "هەولێر" رایگەیاند كە دۆخی ئێستای عێراق ئاڵۆزە و كێشەكان قوڵتر دەبنەوە. لە بارەی هەڵبژاردنی پێشوەختیشەوە وەكوو ئەگەرێكی كراوە، گوتی: "ئەركی ئێمە تەنیا مانگ و نیوێكی ماوە، ئەگەر كۆمیسیۆنێكی دیكە دابمەزرێت باشترە و ئاسانە، ئەوا دەكرێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوە ببات، یان ئەگەر ئیشی ئێمەیش درێژ بكرێتـەوە و داوامان لێ بكرێت، بە بوونی پارە و بودجە شەش مانگمان دەوێت."

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە بارەگای كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە هەولێر دوێنێ بەسترا، حەیدەری ئاماژەی بۆ چەند هۆكارێك كرد كە لە بەردەم هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا رێگر بوون.

گوتیشی: "پێش زیاتر لە مانگێك داوامان لە حكوومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كردووە پابەند بن بە هەمواركردنەوە و هەندێك ئامادەكاریی پێویست لە یاسای هەڵبژاردنەكان، بەڵام نەكراوە، لەوانە هەمواركردنەوەی بڕگەی 5ـەمی ماددەی 32 كە دەڵێت كەمینەكان دەنگ بە پاڵێوراوی خۆیان بە تەنیا بدەن، ئەمەیش دژی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و مافەكانی مرۆڤە."

ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆن لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە دۆخی ئێستای عێراق و دەستگیركردنی خۆی لە لایەن حكوومەتی عێراق و لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵ نزیكەی 300 فەرمانبەری كۆمیسیۆن و دانەدادگەیان و دروستنەكردنی كۆمیسیۆنێك بۆ هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستانیش، هۆكار بوون بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە.

بەپێی قسەكانی حەیدەری: "تەنانەت لێكۆڵینەوە پاسەوانەكانیشمانی گرتەوە." بە تایبەتەیش لەسەر دۆسییەكەی خۆی بە تەنزەوە گوتی: "لەسەر وەرگرتنی موكافەئەی گوایە 150 هەزار دیناری عێراقی دەست بەسەر موڵك و ماڵەكەمدا گیراوە و چوونەدەرەوەم لێ قەدەغە كراوە و دۆسییەكەم رەوانەی دادگەی تاوانەكان كراوە و بە كەفالەتی 15 ملیۆن دیناریش ئازاد كراوم."

لە لایەن خۆیەوە، بەرپرسی كارگێڕیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق قاسم عەبودی لەگەڵ ئەوەی گوتی كە دیار نییە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم بۆ چەند مانگی دیكەیە، روونیشی كردەوە: "ئەوە بە دەستی پەرلەمانە كە هەمواركردن لەسەر یاساكە دەكات و حكوومەتە كە رۆژی بۆ دیاری دەكات."

سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە بارەی دامەزراندنی كۆمیسیۆنێك بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم، ئاشكرای كرد كە تا ئێستا 60 كەس خۆیان بۆ ئەنجوومەنەكەی پاڵاوتووە كە بەپێی ماددەیەكی تایبەتی نێو پڕۆژەیاسای دەستەكە كە فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەری رێك كەوتوون، بڕیارە 9 كەس هەڵبژێردرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار