عادل بەرواری:ئەگەر کورد لەسەر ھەڵوێستی خۆی بەردەوام بێت بەغدا وهڵامێکی ئەرێنی بۆ داواکارییەکانیان دەبێت

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ راوێژکاری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ھەرێمی کوردستان دەڵێت: بڕیاری نەگەرانەوەی پەرلەمانتارو وەزیرەکان بۆ بەغدا ئەرێنیە، چونکە ئەگەر لایەنە کوردییهکان لەسەر ئەم ھەڵویستە بەردوام بن و یەک را بن حکوومەتی عێراق وهڵامێکی ئیجابی بۆ داواکارییەکانیان دەبێت.
عادل بەرواری راوێژکاری پێشووی سەرۆک وەزیران عێراق بۆ کاروباری ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: ماوەی چەند ساڵێکه نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێن بەکورد دەدات کە داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات، بەڵام تەنھا قسە و موجامەلاتە ، بێ ئەوەی ھیچ بەڵێنێک جێبەجێ بکات.
عادل بەرواری گوتیشی: ئەو کۆبوونەوەی یەکی نیسانی ئەم مانگە لەنێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارو وەزیرەکان کراو تێدا بڕیاری نەگەرانەوەیان دا تاوەکو لیستی ھاوپەیمانی نیشتیمانی وهڵامێکی ئیجابی دەبێت، ئەم بڕیارە لەجێگای خۆیدابوو، چونکە ئەمە باشترین رێگایە بۆ ئەوەی فشار لەسەر مالیکی دروست بکرێت داواکارییەکانی کورد جێبەجێبکات.
بەرواری رونیشیکردهوە، ئەگەر لایەنە کوردییەکان یەک را بن و بەردەوام بن لەسەر ھەڵویستەکەیان، لیستی ھاوپەیمانی نیشتیمانی وهڵامێکی ئیجابی بۆ داواکارییەکانی کورد دەبێت، چونکە عێراقی نوێ لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکھاتوو ئەوانەش کورد وعەرەب و بەبێ یەکێک لەم دوو پێکھاتەیە عێراق بەرێوە ناچێت.




