نێچیرڤان بارزانی بڕیاری دا له هه‌ر پاڕێزگایه‌ك 1000 یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ كه‌مده‌رامه‌تان دروست بكرێت

پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌ممه 1ی نیسانی 2013، به سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی؛ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان - سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان و به ئاماده‌بوونی عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان ساز كرا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین ته‌وه‌ر‌ی تایبه‌ت به وه‌به‌رهێنان و ئه‌و كه‌رتانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنانیان تیادا ده‌كرێت؛ وه‌ك كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار و نیشته‌جێبوون؛ تاتوێ كران و چه‌ندین بڕیار له‌باره‌یانه‌وه دران.
بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی نیشته‌جێبوون كه مۆڵه‌تیان بۆ ئاماده كراوه، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌بوونی چه‌نین كێشه و گرفتی جیاجیا؛ تا ئێستا پێدانی مۆڵه‌ته‌كانیان ڕاگیراوه و پرۆژه‌كان نه‌كه‌وتوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان بڕیاری دا لیژنه‌یه‌ك له لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان پێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێك ئاماده بكه‌ن و تیایدا ڕێژه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی پێداویستیی پارێزگاكان به پڕۆژه و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون ده‌ستینشان بكه‌ن، ئینجا له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی ئه‌و ڕاپۆرته و دوای ئه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه ده‌د‌اته ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان، به پێی پێداویستیی ڕاسته‌قینه‌ی پارێزگاكان و شار و شارۆچكه‌كان، له كاتی گونجاو‌دا بڕیاری پێویستی له‌سه‌ر بدرێت.
هه‌ر له‌باره‌ی پرۆژه‌كانی نیشته‌جێبوونه‌وه، نێچیرڤان بارزانی داكۆكی له‌وه كرده‌وه كه سیاسه‌ت و ئامانجی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وه‌به‌رهێنان له پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبووندا؛ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژاره و ده‌بێ ئه‌نجامدانی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون ئه‌وپه‌ڕی سوود به خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت بگه‌یه‌نێت و ڕێژه‌ی كێشه‌ی كه‌میی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات. بۆیه‌شه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به جددی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كار ده‌كات و لێی ده‌كۆڵێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو پڕۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون، خزمه‌تی ئه‌و سیاسه‌ته بكات و بگاته ئه‌و ئامانجه.
سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژانه‌یش كه پێشتر له بواری نیشته‌جێبووندا ئه‌نجام دراون، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه دا ئه‌و پرۆژانه ڕۆژانێك ئه‌نجام دران و وه‌به‌رهێنه‌ران له سه‌رده‌مێكدا ده‌ستیان به‌و پرۆژانه كرد كه هه‌رێمی كوردستان پێویستی پێ بوو، بۆیه‌شه مایه‌ی ده‌ستخۆشی و سوپاسن، به‌ڵام ئێستا له سه‌رده‌می تازه‌دا هه‌رێمی كوردستان پێویستیی تازه‌ی هه‌یه و ده‌بێ ئه‌وپه‌ڕی پابه‌ندی به ڕێنمایی و ستاندارته‌كانه‌وه بكرێت و نه‌بوونی كوالیتی و پشتگوێخستن و كاری خراپ و ئاستی نزم؛ به هیچ شێوه‌یه‌ك قبوول ناكرێت و ڕێگه‌ی پێ نادرێت.
هه‌ر بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت، نێچیرڤان بارزانی بڕیاری دا نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون له هه‌ر سێ پارێزگای هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك به بڕی یه‌ك هه‌زار شوققه له هه‌ر یه‌كێك له پاێزگاكان ئه‌نجام بدرێت كه بێ پێشه‌كی و به باشترین كوالیتی و كه‌مترین تێچوو؛ له‌گه‌ڵ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ناو پڕۆژه و ده‌ره‌وه‌ی پرۆژه‌ش ئه‌نجام بدرێت و به قه‌رزی درێژخایه‌ن بدرێته خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت.
له لایه‌كی دیكه‌وه وه‌ك ئاسانكارییه‌ك بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و بۆ زووتر ئه‌نجامدان و به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆژه‌كان، بڕیار درا ئه‌نجامدانی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ناو پڕۆژه‌كانیش له لایه‌ن پارێزگاره‌وه بدرێته وه‌به‌رهێنه‌ر خۆی؛ ئه‌گه‌ر خۆی ویستی جێبه‌جێی بكات. هه‌ر له‌پێناو زووتر ته‌واوبوونی پڕۆژه‌كان، بڕیار درا هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێك دوای ئه‌وه‌ی له سه‌دا په‌نجای پڕۆژه‌كه‌ی ته‌واو كرد، ده‌توانێ له سه‌دا په‌نجاكه‌ی دیكه بداته هاوبه‌شێك و پێكه‌وه ببنه خاوه‌ن پڕۆژه‌كه، نه‌ك پێی بفرۆشێته‌وه.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار درا حكوومه‌ت جێبه‌جێكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی پڕۆژه‌ی شاری پیشه‌سازیی سلێمانی بگرێته ئه‌ستۆی خۆی، به مه‌رجێك هه‌موو ئه‌و كرێكارانه‌ی له‌و شاره پیشه‌سازییه‌دا كار ده‌كه‌ن، كرێكاری ناوخۆیی و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بن. ده‌باره‌ی كێشه‌كانی پرۆژه گه‌شتیارییه‌كانی ناوچه‌ی دوكان و چیای سه‌فین – یش، بڕیار درا لیژنه‌یه‌ك پێك بهێنرێت و به زووترین كات كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكرێت تا بكه‌ونه واری جێبه‌جێكردنه‌وه.




