وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەتیدەکاتەوە ناردنی بەرھەمە نەوتییەکان بۆ موسڵ نایاسایی بێت

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق گرێبەستی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای موسڵ بۆ ناردنی بەرھەمە نەوتییەکان بۆ ئەوشارە بەنایاسایی وەسف دەکات، لەبەرامبەردا راوێژکارێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەتیدەکاتەوە کەئەم گرێبەستە نایاسایی بێت و دەڵێت: ئەمە بازرگانییەکی ناوخۆییە نەک ئیمزاکردنی گرێبەستە لەگەڵ کۆمپانیەکی بیانی.
د.عەلی بەلۆ راوێژکار لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: ناردنی بەرھەمە نەوتییەکان بۆ پارێزگای موسڵ ئاساییە، چونکە ئەمە بازرگانییەکی ناوخۆییە ھەروەک چۆن کاڵایەک لە بازاری شارێک بۆبازاری شارێکی دیکە ببەی، بۆیە بەھیچ شێوەیەک نایاسایی نییە.
د.عەلی بەلۆ گوتیشی: ئەمە گرێبەستێک نییە لەگەڵ ولاتێکی بیانی تا بڵێن نایاساییە، بەڵکو ئەمە کۆمپانایەکی پارێزگای موسڵ لەگەڵ کۆمپانایەکی ھەرێم رێکكەوتوون بۆئەوەی پێداویستی ناوخۆیی دابین بکات.
بەلۆ راشیگەیاند: حکوومەتی عێراق بەھەڵە لەمە تێگەشتووە، چونکە لەدەستوری عێراق بازار ئازادە و بەشێک لەبازاری ئازاد مافی بازرگانی ھەیە ئینجا ھەرێم لەنێوان ھەرێم یاخود پارێزگا لەگەڵ پارێزگا، بەڵام بەمەرجێک شتی خراپ بۆیەک ھەناردە نەکەن.




