جەلال شێخ کەریم:ھیچ باسێک نییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گرانبوونی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل

ھەولێر- تایبەت بەkdp.info/ جەلال شێخ کەریم بریکاری وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە kdp.infoراگەیاند: بڕیاری نوێی دیاریکردنی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوو، نەک وەزارەتی ناوخۆ و ئەوان تەنێ لایەنی جێبەجێکارن.
جەلال شێخ کەریم گوتیشی: ئەو لیژنەی پێکھاتبوو بۆ دیاریکردنی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل نوێنەری ئەوانیشی تێدابووە، بەڵام بڕیارەکە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە.
کەریم لە درێژەی لێدوانەکیدا راشیگەیاند: ھیچ باسێک نییە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە و حەفتی ئەم مانگەش دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
دوای دەرچوونی بڕیاری نوێ لە بارەی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل نیگەرانی لای بەشێک لە خەڵکی کوردستان دروست بووە، لە بەرئەوەی پێیان وایە نرخەکان زۆرە.
نرخەکانیش بەشێوەیەی خوارەوەیە:
ئۆتۆمبێلی ساڵۆن چوار بستۆن سێ ملیۆن و 150ھەزار دینار دانراوە، بۆ ئۆتۆمبێلی ساڵۆنی شەش بستۆن چوار ملیۆن و 200ھەزار دینار، لاندکرۆزەری چوار پستۆن، چوار ملیۆن و 200ھەزار دینار، لاندکرۆزەری شەش بستۆن و ھاوشێوەکانی پێنج ملیۆن و 250ھەزار دینار، لاندکرۆزەری ھەشت بستۆن و ھاوشێوەکانی شەش ملیۆن و 300ھەزار دینار.




