وەزیر و پەرلەمانتارە كوردەكان ناگەڕێنەوە بەغدا

هەولێر – تایبەت بە KDP.info / دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەمەبەستی یەكلایی كردنەوەو بڕیاردان لەسەر هەڵوێستی كورد لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەنێوان بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیر و نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ودوای تاوتوێكردنی بابەتەكە بڕیاردرا بە نەچوونەوەی كورد بۆ بەغدا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دەست KDP.infoكەوتووە لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەرانی عێراق هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەكان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە وەزیرانی كورد بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەكەن بەهەمان شێوەیش بۆ ئەندامانی كوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق .
بەپێی هەمان زانیاری لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا بەوەی كە داواكانی كورد پێشكەش بە هاوپەیمانی نیشتمانی بكرێت و چاوەڕوان بكرێت تاكو دەردەكەوێت كە ئەوان وەڵامی ئەرێنیان هەیە بۆ ئەو داواكاریانە یان نا، ئەگەر هاتوو هیچ وەڵامێك بۆ جێبەجێكردنی داواكانی كورد نەبوو ئەوا لە كۆبوونەوەیەكی تردا بڕیارێكی دیكە دەدرێت، بەڵام تاوەكو ئەوكات هیچ كام لە وەزیرە كوردەكان و ئەندامە كوردەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناگەڕێنەوە بۆ بەغداو بەشداری لە دانیشتنەكان ناكەن.




