لێكۆڵینەوەنەکانی تایبەت بە راگەیاندنكاری میسری باسم یوسف كاردانەوەی لێكەوتەوە

میسر-KDP.info / لیكۆڵینەوە لەگەڵ باسم یوسف راگەیاندنكاری ناسراوی میسر و پێشكەشكاری بەرنامەیەكی گاڵتەئامێز لەلایەن داواكاری گشتییەوە بەتۆمەتی سوكایەتیكردن بەئایین و سەرۆكی وڵات كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە و رەخنەی لێگیرا. عەمرو موسا كاندیدی پێشووی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و سەرۆكی حزبی موئتەمەری میسری رایگەیاند: بڕیاری بانگهێشتكردن و لێكۆڵینەوە لەگەڵ باسم یوسف مانای وروژاندنی میسرییەكانە بەتایبەت كەناوبراو خاوەنی خۆشەویستییەكی زۆرە لەناو جەماوەردا و تەئكیدیكردەوە: رەخنەگرتن لەسەرۆكی وڵات سوكایەتی پێكردن نییە. هاوكات رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویكردەوە: لێكۆڵینەوە لەگەڵ باسم یوسف ئاماژەیەكە بۆئەوەی سیستمەكەی موحەمەد مورسی و ئیسلامییەكان ئامادەن بۆ ئەوەی رێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ سەركوتكردنی ئەو كەسانەی دژی دەسەڵاتەكەیانن. لەلایەكی دیكەوە هیبە مریف بەرێوەبەری رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لەمیسر ووتی بڕیاری لێكۆڵینەوە لەگەڵ باسم یوسف بەمەترسیدارترین سوكایەتیكردن دادەنرێت بۆ سەر ئازادی بیروڕادەربڕین لەمیسر لەوكاتەوەی گرووپی ئیخوان موسلمین دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و ئاماژەیدابەوەی بەرنامەكەی ئەو راگەیاندنكارە لەلایەن 30 ملیۆن كەس لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە تەماشادەكرێت. هەروەها ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پشتیوانی خۆیان بۆ باسم یوسف دەربڕی لەدوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیداو ئازادكردنی بەكەفالەت و ئیدانەی سەركوتكردنی ئازادیی بیروڕادەربڕین و راگەیاندیان كرد لەمیسر.




