موئەید تەیب: ئەگەر ھەموو موچەکەشمان ببڕن بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ناکەین، تاوەکو سەرکردایەتی کورد بڕیار نەدات

بەغدا-تایبەت بە KDP.info/ موئەید تەیب وتەبێژی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بە kdp.infoراگەیاند: ئەگەر ھەموو موچەکەشمان ببڕن بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق ناکەین و پابەندین بەبڕیاری سەرکردایەتی کورد، چونکە بڕینی مووچە زۆر گرنگ نییە.
موئەید تەیب گوتیشی: ھەر لەسەرهتای کارەکانمان لەپەرلەمان ھەر ئەندامێک لە دانیشتنێکی پەرلەمان ئامادەنەبێت ٥٠٠ھەزار دینار سزا دەدرێت و ئەگەر رۆژانی پێنج شەممە و رۆژانی دەنگدان لەبارەی یاساکان ئامادە نەبێت سزاکەی زیاترە وملیۆنێک دینارە.
ئەمەش لەکاتێک دایە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە ھەر پەرلەمانتارێک لە دانیشتنەکان ئامادە نەبێت، بەبڕی یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
بڕیارە سبەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیر و پەرلەمانتارانی کورد لەبەغدا کۆبێتەوە دواین بڕیار بدەن ئایە کورد بەشداری لە حکوومەت و پەرلەمان بکات یاخود بکشێتەوە.




