KDP.info هەڵوێستی حزبەكان لەبارەی پێشنیاری سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەری پرسی كورد بڵاودەكاتەوە

حزب و لایەنەی سیاسیەكانی كوردستان پشگیری لە هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەرانبەر بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی پرسی كورد لە توركیا ئەوەش دەخەنە روو دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەر.
ئێستا پرۆسەی كرانەوەی توركیا گەیشتۆتە قۆناغێكی زۆر باش چاودێرانی سیاسی پێیانوایە دەبوو ئەم قۆناغە چەند ساڵ پێش ئێستا ئەنجام بدرایە، بە جۆرێك كەمترین قوربانی و زۆرترین دەستكەوتی تێدا دەبوو، بەڵام گرنگتر لەوە چەند ساڵە سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای ئەوە دەكات كە پرسی كورد لە توركیا بەشێوەی ئاشتیانە چارەسەربكرێت چەندینجار سەرۆك بارزانی ئامۆژگاریی پەكەكە کردبوو، چەك دابنێت و بەشێوەیەكی ئاشتیانە و لە نێو پەرلەماندا چارەسەری پرسی كورد بكەن.
وێڕای ئەوەش پەیامی بارزانی لە كۆنگرەی پارتی دادو گەشەپێدان تەواو ئەو راستییەی بۆ هەردوولا سەلماند كە گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ رێگاكان لە بەردەم هەردوو ئاوەڵا دەكات بۆ چارەسەری كێشەكان، دواجار ئەوە بوو لە رۆژی نەورۆزدا سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان عەبدوڵڵا ئۆج ئالان پەیامێكی بڵاوكردەوە و لەو پەیامەدا ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە پەكەكە كار لەسەر رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دواتر لە لایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە پێشوازی لە پەیامەكە كرا و لە كاتێكدا هەردوولا هاوڕان لە سەر ئەوەی كە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو بۆچوونانەی دەیان گوت دیالۆگ. لەسەروی هەمووشیانەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان چەند ساڵە ئەو پەیامەی بە هەردوولا داوە، بەشێكی زۆری حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پشگیری لەو بۆچوونەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن كە لە باكوری كوردستان دروستیکردووە، فەرهاد مەلا ساڵح ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆkdp.info گوتی : چارەسەركردنی پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەكێك لە هەرە ئەركە گرنگ و چارەنووس سازەكان دەزانین و بەشێكی زۆری ئەو چارەسەركردنەش دەكەوێتە كوردستانی توركیا، كە پێگەیەكی زۆر گەورەی هەیە لە كوردستان و لە خاكی توركیا.
ئەوەشی خستەڕوو بە چارەسەركردنێكی ئاشتیانە دەتوانرێت قۆناغێكی زۆر گرنگ ببڕێت لە چارەسەركردنی پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاماژەی بۆئەوەشكرد كە بە ئاشتیانە چارەسەركردن زۆر كێشەی گەورەتری ئیجابیانە یەکلاکردۆتەوە، كە زۆر لە پرسی كورد ئاڵۆزتر بوون، گوتیشی : لە ماوەی سی ساڵی رابردوو هیچ لایەكیان نەیان توانیوە بە شێوەی چەك كێشەكانیان چارەسەربكەن بۆیە دەبێت نیەتێكی جدی لە لایەن پارتی كرێكاران و دادو گەشەپێدانەوە هەبێت بۆ ئەوەی بەجدی كار بكەن بۆ ئەوەی كێشەكانیان چارەسەر بكەن.
لە یەكێكی دیكەی گوتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی دادو گەشەپێدان قسەی کە لە سەر كرد سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەی خستەڕوو كە دەبێت رێگایەك هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە بەدیلی چەك، چونكە كوژرانی هەركەسێك لە لایەن توركیاوە بێت یان پەكەكەوە، كوژرانی مرۆڤێكە كە ئەگەر لە رووە مرۆڤانییەكەوە تەماشابكرێت زۆر زیانە لە بەهای مرۆڤایەتیەت، دەربارەی هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی، محەمەد شێخانی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی حزبی شیوعی كوردستان بۆKDP.info گوتی: پەیامەكەی سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی دادو گەشەپێدان سەبارەت بە چارەسەری كێشەی كورد لە باكوری كوردستان بە شێوازێكی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی زۆر هەنگاوێكی سەركەوتوو بوو ئەو پەیامەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بۆ چارەسەر ئەو كێشەیە بە شێوەیەكی ئاشتیانە لەگەڵ پەیامەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەك دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو ئێستا هەموو قسەكان لە سەر ئەوەیە كە دەبێت كێشەی كورد لە توركیا بە شێوەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت گوتیشی: سەردەمی تفەنگ و توندوتیژی نەماوە، بۆیە ئێمە وەكو حزبی شیوعی گوتومانە پشگیری لەو رێگایانە دەكەین كە بە شێوەی ئاشتیانە چارەسەر دەكرێن.
پارتی كرێكارانی كوردستان لەساڵی 1984 لە ناو كەشتی گەلی نزیك لە كەنارەكانی "ئانقەرە" دامەزراوە كە چوار كەس خاوەنی دامەزرێنەری ئەو پارتەن، لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا بەهۆی كێشەی سیاسییەوە لە گەڵ وڵاتی توركیا تا ئێستا نزیكەی 40 هەزار كەس لە نێوان شەڕەكانیاندا كوژراون، تا ئێستا نزیكەی 22 دەستپێشخەری بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە كراوە كە گرنگترینیان پێشنیاری ئۆردۆغان بوو لە دوای ساڵی 2008 ەوە كە ناوی ناپرۆسەی كرانەوەی توركیا و چارەسەركردنی ئەو پرسە لە سەردەمی تورگوت ئۆزاڵ لە ساڵی 1989 یەكێك بوو لە هەوڵەكان.
هاوكات فاتح رەوف ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بۆKDP.info گوتی: ئەو پەیامەی عەبدوڵڵا ئۆج ئالان دەربارەی چارەسەركردنی پرسی كورد زۆر گرنگ بوو، بەڵام پێش ئەویش لە ماوەیەكی زۆر جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بۆنە جیاوازەكان ئاماژەی بەوەداوە كە دەبێت پرسی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت بۆیە ئەم قۆناغەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قۆناغێكی زۆر گرنگ و هەستیارە بۆیە دەبێت وڵاتانی دراوسێ و ئەوانەی كوردیان بەسەر دابەشكراوە ئەو راستییە بزانن لە ماوەی رابردوو رژێمی بەعس بە هەموو هێز و توانایەوە دژایەتی كوردی كرد و ویستی لە ناوی ببات بەڵام، بەخۆشحاڵیەوە ئێستا هەرێمی كوردستانی بە دواوە هاتووە، بۆیە هەرلەم روانگەوە دەبێت هەموو وڵاتانە كە كوردستانیان بە سەر دابەشكراوە ئەو هەنگاوە بنێن بۆ ئەوەی وەك رژێمی بەعسیان بە سەر نەیەتەوە، بۆیە گەشبینین بەوەی دەبێت ئەو كێشانە بە شێوەی ئاشتیانە چارەسەربكرێت.
هەرلەم بارەوە بەڵێن عەبدوڵڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆKDP.info راگەیاند كێشەی كورد لە باكوری كوردستان چەند ساڵێكە لە ئارادایە دوای ئەوەی لە باشوری كوردستان كۆمەڵێك دەسكەوتی گرنگ بە دەستهات ئێستا دەبێت ئەو دەسكەوتانە ببێتە سیاسەتێكی حەكیمانە بۆ باكوری كوردستان و كێشەكەیان بە شێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەربكرێت گوتی: سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی هەمیشەیی ئەوە بووە كە دەبێت كێشەی كورد لە توركیا بە شێوەی ئاشتیانە چارەسەربكرێت و تاكە رێگای دەربازبوونی ئەو كێشەیە دیالۆگ و گفتوگۆیە.
گوتیشی: ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگەشەی بۆ دەكرد ئێستا لایەنە سیاسییەكانی ناو توركیا و هەرێمی كوردستانیش لەسەر هەمان بۆچوونن و دەبێت رێگای ئاشتیانە بگیرێتەبەر.
ڕاپۆرتی كارزان هەورامی




