ئەگەر پرسی كورد چارەسەر بكرێت كەس ناتوانێت پێش لە توركیا بگرێت

توركیا- KDP.info/ سەرۆكی رێكخراوی یهكێتی پیشەسازان و خاوەنكارانی توركیا تۆسییاد مۆحەرەم یەڵماز دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەم رێكخراوە لە شاری ئەزمیری توركیادا وتارێكی پێشكەش كرد و باسی قۆناخی چارەسەری پرسی كوردی لە توركیا كرد.
مۆحەرەم یەڵماز لە بەشێكی وتەكانیدا گوتی: ساڵانێكە توركیا بە دەم پرسی كوردەوە دەناڵێت و ئەم پرسە لە هەر روویەكەوە زەرەری گەیاندووەتە توركیا و هەر بۆیە بریاری حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بریارێكی زۆر گرنگ و مێژووییە و ئێمە وەكو تۆسییاد بەو پەری هێز و توانایی خۆمانەوە پشتگیری لەم قۆناخە دەكەین.
مۆحەرەم یەڵماز لە بەردەوامی وتەكانیدا وتی" ئەندام بوونی توركیا لە یهكێتی ئەورووپا ئارەزوو و هێوای هەر هەمووی ئێمەیە و ئەندام بوونی توركیا لە یهكێتی ئەورووپا بۆ توركیا زۆر زۆر گرنگە بەڵام بۆ ئەوەی كە توركیا بتوانێت ببێتە ئەندامی یهكێتی ئەورووپا توركیا ناچارە پرسی كورد چارەسەر بكات.
كاتێك كە توركیا پرسی كوردی چارەسەر كرد ئەو كاتە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت پێشی لە بەهێز بوونی دیموكراسیەتی توركیا و هێزی ئابووری و كومەڵایەتی توركیا بگرێت.




