كەسووكاری قوربانیانی رۆبۆسكی سەردانی دادگای نێونەتەوەیی دەكەن

توركیا- KDP.info/ دوای ئەوەی كە كۆمیتەی دەستنیشان كراو لە لایەن كۆمیتەی مافی مرۆڤی پهرلەمانی توركیاوە، راپۆرتی خۆی سەبارەت بە رووداوەكەی رۆبۆسكی ئاشكرا كرد، ئەم راپۆرتە لە لایەن كۆمیتەی مافی مرۆڤی پۆرلەمانی توركیاشەوە رۆژی پێنج شەممە بە كۆی دەنگ پەسەند كرا.
لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە كە هیچ كەس و لایەنێك لەم رووداوەدا تاوانبار نین و هیچ جۆرە ئەنقەستێكیش لە روودانی ئەم رووداوەدا دیار نییە.
دوای پەسەند كردنی ئەم راپۆرتە لە لایەن كۆمیتەی مافی مرۆڤی پهرلەمانی توركیاوە، كەسووكاری قوربانییانی رووداوەكەی رۆبۆسكی و رێكخراوەكانی دیكەی پاراستنی مافی مرۆڤ دەستیان بە دەربڕینی نارەزایەتی خۆیان كرد و رایانگەیاند كە كۆمیتەی مافی مرۆڤی پهرلەمانی توركیا كوشتنی مرۆڤی پەسەند كردووە و ئەمەش عەیبێكی یەكجار گەورەیە بۆ دیموكراسی توركیا.
لە لایەكی دیكەوە كەسووكاری قوربانیان ئاماژەیان بەوە كرد كە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری مافی خۆیان نابن و لە بەرامبەر بەرپرسانی توركیا لە دادگای نێونەتەوەییدا سكاڵا تۆمار دەكەن.




