ئیسماعیل بێشكچی: برایەتی ئیسلامی گەلی كوردی هەڵخەڵەتاندووە

توركیا- KDP.iinfo/ لە دیمانەیەكی تایبەتیدا بۆ رۆژنامەی جمهوریەتی توركیا كۆمەڵناسی ناودار ئیسماعیل بێشكچی باسی برایەتی نێوان كورد و توركی كرد و گوتی: لە سەردەمی عوسمانییەكاندا لە ژێر ناوی ئیسلام و ئوممەتی ئیسلامیدا برایەتییەكی ساختە لە لایەن توركەكانەوە ئاراستەی كورد كراوە و ئەم برایەتییە كە برایەتی ئیسلامی بووە هیچ جۆرە دەستكەوتێكی بۆ گەلی كورد نەبووە بێجگە لە هەڵخەڵەتاندنی گەلی كورد نەبێـت.
بێشكچی كە بریارە وەكو سەرۆكی كۆمیتەی عەقڵمەندان بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە دەستنیشان بكرێت ئاماژەی بەوە كردووە كە تێگەی تورك و ئیسلامییەت خزمەتی زۆر باشی بە دەوڵەتی توركیا كردووە و دەوڵەتی توركیایش بە پشت بەستن بەم تێگەیە نكۆڵی لە سەر ناسنامە و هەبوونی كورد كردووە و لە بەرامبەریشدا لە ژێر ناوی ئیسلامییەتدا برایەتییەكی ساختەی ئاراستەی كوردەكان كردووە و ئەو كوردانەیش كە ئەم برایەتییەیان قەبووڵ كردووە وردە وردە لە رەسەن و كلتووری رەسەنی خۆیان دوور خراونەتەوە.
بێشكچی لە بەشێكی دیكەی ئەم دیمانەیەدا باسی ئەوەی كردووە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا كورد لە ژێر ناوی ئیسلامییەتدا زۆڵمی زۆری لێكراوە بەڵام ئێستا كورد هۆشیار بووەتەوە و وردە وردە بۆ خۆی خەریكە چارەنووسی خۆی دەستنیشان دەكات و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە كە كورد زیاتر لە فیدراسیۆن داوای دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیش لە رۆژهەڵاتی ناویندا بكەن و ئەمەیش مافی ئەوانە چوونكە تەنیا نەتەوەی گەورەی جیهانە كە زیاتر لە 4 میلیونە بەڵام تا ئێستا بێ دەوڵەتە.




