لە دیداری سەرۆک بارزانی و وەفدی ئەزهەردا، شاندی میوان سەرسامی خۆیان بە قوربانی و خۆراگرییەکانی کورد نیشان دا

ئەمڕۆ پێنج شەممە 28-3-2013 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی باڵای زانكۆی ئەزهەر كرد، كە پێكهاتبوو لە سەرۆکی شاند دكتۆر محەمەد عەبدولفەزیل ئەلقوسی وەزیری پێشووی ئەوقافی میسر و ئەندامی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر و دكتۆر ئوسامە یاسین یاریدەدەری سەرۆكی ئەزهەر بۆ كاروباری دەرچووان و دكتۆر عەبدولمەقسود پاشا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری ئیسلامی لە میسر.
لەو دیدارەدا كە عەبدوڵڵا مەلا سەعید وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیش ئامادەیی بوو، شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان بۆ ئەم سەردان و پێشوازیكردنە، بە وردی باسی بایەخ و بەهای پەیوەندی مێژوویی نێوان كورد و میسر و ئەزهەریان كرد و هیوایان خواست پەیوەندی نێوان گەلی كورد و میسر بەردەوامی هەبێت و پتەوتر بێت.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیاندا شاندی میوان سەرسامی خۆیان بەو قوربانیدان و خۆراگرییە نیشاندا، كە میللەتی كورد لە پێناو گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانیان بەخشیویەتی و هیواشیان خواست گەلی كورد بە هەموو مافەكانی شاد بێت.
لەتەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا شاندی میوان تەئكیدیان لەوە كردەوە، ئەزهەر دژی توندوتیژی ئاینیە و هەوڵی بەردەوامی دەدات بۆ برەودان بە میانڕەویی و پێكەوەژیان.
لەبەرامبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانیكردنی شاندەكە، رۆڵی زانكۆی ئەزهەری لە گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و میسر بەرز نرخاند و هیوای خواست ئەزهەر وەك ناوەندێكی ئاینی پەرە بە هزری میانڕەویی و پێكەوەژیان بدات و ببێتە پردێكی پتەوی پەیوەندی نێوان گەلی كورد و گەلی میسر و گەلانی ئیسلامی.




