سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، لە دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر تۆمار دەكرێت

كەركووك-KDP.info/دوای ئاگاداركردنەوەی لەلایەن دەستەی نەزاهەی عیراقەوە. ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە هۆی ساختەكردن لە بڕوانامەكانیاندا، موچەی 16 ئەندامی ئەنجوومەنی قەزاو ناحییەكانی پارێزگاكەی بڕیووە، لێكۆڵینەوەكان لەو مەسەلەیە دەریانخستوە تەنیا نۆ ئەندامیان ساختەیان كردووە، حەفت ئەندامەكەی تر موچەكانیان بۆ گەڕێنرایەوە، ئەوەش ناڕەزایی ئەوانی تری لێكەوتۆتەوە، ئەندامێکی گردبوونەوەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند: شەش مانگە بەهۆی ساختەكردن لە بڕوانامەكانیاندا موچەی ئەو نۆ ئەندامە عەرەبە بڕدراوە، ئەوانیش لای خۆیانەوە حەسەن تۆران تۆمەتبار دەكەن. محەمەد خزر جبوری ئاماژەشی دا : کە ئەو ئەندامانە سكاڵایان بۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا بەرزكردوەتەوە، چونكە زۆربەی لێپرسراوانی حكومی لە عێراق ساختەكاری بروانامەکانیان كردووە كەچی حەسەن تۆران دژایەتی تەنیا عەرەبی كەركووك دەكات و مووچەی ئەوانی بریوە.




